Home بیروڕالوتکەی سێ قۆڵی چین و قەیرانی سەرمایەداری!

لوتکەی سێ قۆڵی چین و قەیرانی سەرمایەداری!

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

نوری بەشیر:     
رۆژی ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەبەشداری: دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا)، ڤلادیمیر پوتین (سەرۆکی ڕوسیا) و شی جینپینگ (سەرۆکی چین) لە پەراوێزی لوتکەی ئەیپێک (APEC) “لوتکەی هاریکاریی ئابوریی ئاسیا و زەریای هێمن” لەشاری شێنجەن بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بەیەکێک لە باسە گەرمەکانی ئەم دەورەیەی راگەیاندنی دنیا دادەنرێت و لە گۆشەی جیاجیاوە شیکردنەوەی بۆ کراوە. لەراستیشدا مەسەلەو رووداوێکی زۆر گەورەو گرنگە و پێویست دەکات لەروانگەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکانەوە ماهیەتەکەی بخرێتەڕوو، لەو رووەوە کە راستیەکانی ئەم لوتکەیە وەک خۆی لە باسەکانی دەستپێکی کۆبوونەوەی دوو قوڵیو سێ قۆڵی سەرانی ئەم سێ وڵاتەو هەروەها لە ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بەناوی “بەیاننامەی ئاشتی”ناونراوەو بڵاوکراتەوە، راستی رووداوەکان و دانیشتنەکان ناخەنە ڕوو.
سەرەتا ئەوە بڵێم کە کۆبوونەوەی ئەم سێ وڵاتە زلهێزە ئیمپریالیستیە لەکاتێکدا بەسترا کە چەند پرسی دیکەی گرنگ لە جیهادا دەگوزەرێت، لەوانە: یەکەم: سەرمایەداری لە جیهاندا دەرگیری قەیرانێکی گەورەیە کە لە ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردوەو رۆژانە یەخەیان دەگرێت. بۆ راگرتنی دەسەڵات و سیستەمەکەو بەرژەوەندی سەرمایەداران، دەست بۆ برسیکردن و جەنگ و کوشتار دەبەن، هەمووان ئەمە بەڕۆشنی دەبینن و دەبیستن. دووەم: ئەمریکاو بەتایبەت ترەمپ و حزبەکەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا توشی شکست و ترسێکی گەورەبوون، کە نایەکی گەورەبوو نەک بە ترەمپ و حزبەکەی، بەڵکو بەهەموو سیستەمەکە، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ئەمریکا و بەتایبەت ترەمپ و حزبەکەی بووە و بەناچار ئەمریکا لە دنیای چەند جەمسەریدا گیریکردووەو دەبێت جەمسەرەکانی وەک چین و روسیا بەرەسمی بناسێت، بۆ ئەنجامدانی ئەم لوتکە سێ قۆڵیە هەنگاوی ئەمریکاو لەزەرورەتی جێگاوڕێگای ئێستایدا رویداوە. سێهەم: ناڕەزایەتی جیهانی بەدژی سیاسەتی سەرمایەداری و بۆرژوازی و حکومەتەکانیان لە: بێکاری، گرانی، برسێتی و شەڕو کوشتارو بەتایبەت ناڕەزایەتیەکانی دوو مانگی رابردووی ئەوروپاو جیهان و کرێکاری بەندەرەکان، فشارو ترسێکی زۆری خستۆتە بەردەم هەموو حکومەتە سەرمایەداریەکان، بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپا. ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەری و کرێکاریانە دەوریەکی نوێیان دەستپێکردوە، ئەگەرچی بە خواستە سنفیەکانی یەکێتیەکانی کرێکاران، قوتابیان و مامۆستایان بەشەکانی ناوەندە پێشەییەکانەوە دەستی پێکردوە، بەڵام تەنها بەوانەوە نەوەستاوەو دەست براوە بۆ خواستە سیاسەیەکان بەدژی دەسەڵاتی حکومەتەکان و سەرانیان، واتە هەموو سیستەمی سیاسی حکومەتەکانی کردۆتە ئامانج.
نابێت ئەم کۆبوونەوە سێ‌قۆڵیەی ترەمپ، پوتین و شی جینپینگ، وەک هەنگاوێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی جیهان لێک بدرێتەوە، یان ئەو قسەوباسانەیان کە لەمیدیا بڵاوبۆتەوە، وەک ئەوەی راگەیاندن و شیکاران و لێکۆڵەوەو رۆشنبیرانی بۆرژوازی قسەی لەسەر دەکەن. تەنانەت ئەوەی کە راگەیاندنی کۆتایی بەبێ هیچ دەستکەوتێک و رێکەوتنێکی دیاریکراو و رۆشن لەو چەند خاڵەی باسیان کردووە، نابینرێت، بێجگە لە نیشانادنی هەیمەنەی خۆیان بەسەر دنیادا. بێگومان ئاشتی و سەقامیگری جیهان لەژێڕ سایەی بۆرژوازی و ئیمپریالیزمدا خەونێکی وەدینەهاتوەو ئەوان هەمیشە پێویستیان بە شەڕ و نائارامی هەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەی خۆیان بەسەر چینی کرێکاری جیهانیدا، بۆیە ئاشتی و جێگیری ڕاستەقینە بە نەخشی چینی کرێکار و دەخالەتی سیاسی ئەو چینە لەئاستی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا لەتواندا هەیەو واقعی و کردەنیە.
هەڵبەتە لە راونگەی چینی کرێكارو کۆمۆنیزمەوە، ئەم لوتکە سێ قۆڵیە، وەک بەشێک لە ململانێی هێزە سەرمایەداریە گەورەکانی جیهان بۆ پاراستن و فراوانکردنی بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی: سیاسی، ئابووری و ستراتیژییەکانیانی خۆیان لێکدەدرێتەوە. ئەوەشی کە ئەم لوتکە سێ قۆڵیە لەلایەن ترامپەوە زەمینەسازی بۆکراوە، دەکرێ وەکو دەرخەری ئەو راستیە تەماشا بکرێ کەجێگاورێگای ئەمریکا وەکو تاکە جەمسەر و زلهێزی ئیمپریالیستی لەدوای کۆتایی بلۆکی رۆژهەڵاتەوە، بەرەو خوارهاتووە.
لە پشت ئەم لوتکە سێ قۆڵییەی چینەوە، ئەو سیاسەت و بەرژەوەندییەی زلهێزەکان هەیە کە دەیانەوێت جیهان بە شێوەیەک ساز بدەنەوە کە هیچ کام لەوانە بەتەنها ناتوانێت ئەنجامی بدات. بەتایبەت ئەم لوتکەیە ئەمریکای ناچار کردووە بەم ڕێکخستنە نوێیە ملکەچ بێت. ئەمریکا دەمێکە دەزانێت دنیای یەک جەمسەری بە هەژمونی خۆی بەرەو کۆتایی چووە، بۆیە هاتووە دوو جەمسەری بەرامبەر – چین و ڕووسیا – بە فەرمی دەناسێت و دانی پێدا دەنێت و بەرەو پیریان دەڕوات. وەک پێشتر بەجیا لەگەڵ هەریەک لە چین و ڕووسیا کۆبووەتەوە و ئێستا بۆ یەکەمجارە سێ قۆڵی دادەنیشن بۆ زەمینەسازی بۆ بەرنامەی ئایندە لە سازدانەوەی جیهان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
بەڵام لە ئێستاداو لەم لوتکەیەدا بەجیا لەوەی کە لەگەڵ چین لەسەر ئابوری و تەکنەلۆژیا و مەسەلەی ئێران و تایوان قسەیان کردبێت و لەگەڵ ڕووسیا لەسەر مەسەلەی ئۆکرانیا و ئێران، ئەوا لە دانیشتنی سێ قۆڵیدا مەسەلەی سەرەکیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەم دەورەیەدا؛ لەوانە جێگە و ڕێگەی هەریەکە لە ئێران، عێراق، ئیسرائیل و سوریا، و ڕێکخستن و سازدانەوەی ئەو ناوچەیە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئیتر باقی ووڵاتە سەرمایەداریەکانی دیکەی جیهان لە دەوری سیاسەت و بەرژەوەندیی خۆیان لەم ناوچەیە ڕێکبخەنەوە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆیان بۆ بەرنامەیەکی گەورەتر لەئاستی دنیادا،
بەوجۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوروپا و ژاپۆنیش لەلایەن ئەمریکاوە – کە دەمێکە حسابێکی ئەوتۆ لەسەر ناتۆش ناکات – لەم کۆبوونەوەی لوتکەیەدا جێگایەکیان نیە. ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە لەلای سەرانی ئەو دەوڵەتانە دروست کردووە. ئەمە تا دەگاتە حکومەتی تورکیا کە خۆی بەوە دەزانێت لە ناوچەکەدا هێزە و لە دنیای عەرەبیدا دەوری هەیە و حسابی لەسەر دەکرێت، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەدا پەراوێز خراوە هەربۆیە لە ئێستادا لە پشت مەسەلەی ئێران و ئۆکرانیا، ململانێی ئەمریکا لە لایەک و چین و ڕووسیا لە لایەکی تر هەیە، واتە نە شەڕەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانە بەڵکو لەگەڵ چین و روسیایەو وە نە جەنگی روسیا وەک پێشتریش ئێمە وتومانە لەگەڵ ئۆکرانیادایە بەڵکو لەگەڵ ناتۆیە کە ئەمریکا رابەرایەتی ئەکات، بەڵام مەیدانی جەنگەکە ئۆکرانیایە، هەربۆیە ئەگەر ئەم سێ زلهێزە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان لەم دەورەیەدا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکبکەون، بەبێ ئامادەیی ئەو وڵاتانە خۆیان، ئەوا زەمینەسازیەکی گەورەترە بۆ سیاسەتی ئایندەی دەسەڵاتیان بەسەر جیهاندا.
بۆیە دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەورەیەکی نوێ لە دنیای چەند جەمسەریدا ببینین کە ئەمریکا خۆیشی بە فەرمی دەیناسێت. ئەگەر دەورەی پێشوو – دنیای یەک جەمسەری بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا – خۆی وەکو نوێنەری سیستەمی سەرمایەداری و بەرژەوەندیی چینی بۆرژوازی لە جیهاندا دەناساند، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو دۆخە گۆڕاوە و چەند جەمسەری دیکەی بەهێزی بۆرژوازی لەسەر بەڕێوەبردن و رابەریکردنی کۆمەڵگای سەرمایەداری جیهانی لەبەرامبەریدا لە کێبرکێدان.
لە کۆتاییدا، لوتکەی سێ قۆڵیی چین ڕاستیی پاشەکشەی جێگە و ڕێگەی ئەمریکا و بەتایبەت ترەمپ لە هاوکێشەی ئێستای جیهاندا نیشان دەدات؛ هەروەها ملکەچبوونی بە دنیای چەند جەمسەری نیشان دەدات، کە چیتر ناتوانێت وەک پێشتر لەسەر جەمسەرەکانی چین و ڕووسیا حساب نەکات. بە کردەوەش کار لەگەڵ ئەم دەورە نوێیەی دنیای چەند جەمسەریدا دەکات و دانی پێدا ناوە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە