Home بیروڕامۆتەکەی زیندووی مارکس: لە سۆسیالیزمی ناخی مرۆڤەوە تا کۆمۆنیزمی ئاڵوگۆڕ و حیزبی دەسەڵات!

مۆتەکەی زیندووی مارکس: لە سۆسیالیزمی ناخی مرۆڤەوە تا کۆمۆنیزمی ئاڵوگۆڕ و حیزبی دەسەڵات!

by admin
0 کۆمێنتەکان 9 بینینەکان

ئیبراهیم حسین:   

»ئەمریکا کۆمۆنیستە!» ئەمە ناونیشانی من نییە، بەڵکو تایتڵ و ناونیشانێکە کە بەشێک لە میدیای فەرمیی ئەمڕۆ و تەنانەت سەرانی ئەو بۆرژوازییەش باسی دەکەن کە بڕیار بوو بەسەر کۆمۆنیزم و مارکس و عەدالەتخوازی و ئازادیخوازیدا سەرکەوتوو بن. بڕیار بوو کۆمۆنیزم و مارکس لە ئەمریکا باریان کردبێت و وەک دێوێکی دۆڕاو لە ئەشکەوتە تاریکەکانی مێژوودا خەریکی ناڵەناڵ و تیمارکردنی برینەکانی خۆیان بن و ئیتر هەرگیز نەگەڕێنەوە بۆ دنیای ڕووناکیی مرۆڤایەتیی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم سەردەمە؛ ئەو مرۆڤایەتییەی کە ئەمڕۆ لەسەر هەمان ئەو شتانە دەجەنگێت کە کۆمۆنیزمی لەسەر شاربەدەر کراوە.
مارکۆ ڕوبیۆ وتبووی کە ئێمە هەرچەندە کۆمۆنیزمی یەکێتیی سۆڤیەتمان تێکشکاند و بەسەریدا سەرکەوتین، بەڵام نەمانتوانی مارکس بشکێنین و بەسەریدا سەرکەوین؛ هیچیان لەگەڵ کۆمۆنیزمی مارکسدا پێنەکرا و نەیانتوانی بەسەریدا سەرکەون.
ئەمە تەنها قبووڵکردنی شکست لە بابەتێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو دانپێدانانە بە واقیعی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کۆمۆنیزم و مارکس و ئازادیخوازیی ئەم بزووتنەوە جیهانییەی ڕزگاریی مرۆڤ. چونکە بەپێی گێڕانەوەی فەرمی و ئایدۆلۆژیای فەرمی و ئەو ئامێرە گەورەیەی پڕوپاگەندە و درۆ، کە لە سەردەمی مەکارتیزمەوە بەدواوە و نەک تەنها دوای ڕووخانی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی جۆری ڕووسی، بڕیار بوو ئەمریکا لە شەڕی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیی کۆمۆنیستی و کرێکاری ڕزگاری بووبێت و ئیتر ئەمریکا و ئەو خەڵکەی تێیدا دەژی، بۆ هەمیشە لە هەمان چاڵە ڕەشەکەی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە و چەوساندنەوەدا ژیان بەسەر بەرن. ئێستا خۆیان دەڵێن نەخێر وا نییە، ئەم مۆتەکەیە ئامادەیە و زیندووە؛ هەر لێرەیە و بەردەوامە و ئەمەش ڕاستییەکی بێئەملاوئەولایە. بەڵام بۆچی بەم جۆرەیە؟
ئایا تەنیا بە هۆی زانایی و دانایی سەرووئاسایی مارکس و زانستیبوونەکەیەوەیەتی ؟ ئایا تەنیا بەهۆی قوڵی و شیرینی ڕەخنەی مارکس و دۆکتەرینەکەیەتی؟ بێگومان هەموو ئەمانە جێگەی گرنگیان لەو پێگەیەدا هەیە کە مارکس و کۆمۆنیزمەکەی لە خەباتی چینایەتی و خەباتی ئازادیخوازانەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتیدا پەیدای کردوە، بەڵام شتێکی لەوە بنەڕەتیتر هەیە کە وایکردوە سەرباری هەموو ئەو باسانەی تر کە کۆمۆنیزمی مارکس ئەم جێگەیە و ئەم سەرسەختیەی هەبێ کە ناچاربن دانی پێدا بنێن.
هۆکاری ئەم سەرسەختیەی کۆمۆنیزم شتێکی وجودی تر و ڕیشەیی ترە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆمۆنیزم بەشێکە لە وجودی خودی مرۆڤ و لێی دانابڕێت و ڕەگی لەو بوونە شەریفانەی مرۆڤی ئەمڕۆدا داکوتاوە؛ هەربۆیە تەنها کاتێک توانییان مرۆڤ لە مرۆڤبوونەکەی دابماڵن، تەنها کاتێک توانییان هۆشیاری و هەست لە مرۆڤ دابماڵن، ڕەنگە بتوانن لە دەست ئەم سۆسیالیستە ناوەکییەی مرۆڤایەتی ڕزگاریان ببێت. ئەگەرنا هەرچی بکەن ناتوانن ئەم هەستە، ئەم هۆشیارییە لە مرۆڤ دابماڵن کە دەڵێت دروست نییە مرۆڤ بچەوسێنرێتەوە، دروست نییە مرۆڤ بێماف بێت، دروست نیە بچەوسێەوە و لە دەرفەتی ئازادژیان بێبەری بکرێت و دەستی بە ئیمکانیاتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە نەگات کە تێیدا لەدایک بووە.
بەوتەی حیکمەت، ئەگەر زنجیری سنگی هەر مرۆڤێک بکەینەوە و دانە بە دانە ئەو بەند و کۆدە ئەخلاقی و ئایدۆلۆژییانە لابەرین کە ئەم مرۆڤایەتییەیان کۆتوبەند کردووە، دەگەین بە سۆسیالیستێک کە دەیەوێت لەو توێژاڵ و قاوغانە بێتە دەرەوە. ئەگەر مرۆڤ ناچار و نائومێد نەبێت، ئەگەر خۆی بێت و دەست بۆ ناخ و مەعنەوییەتی نەبرابێت، دەڵێت نایەوێت تەواوی ژیانی کۆیلەی کرێگرتەیی بێت کە هەموو ڕۆژێک ناچار بێت بۆ کڕینی ژیان و بۆ زیندوومانەوە و هەناسەدان ڕابکات و کڕیار بۆ کڕینی هێزی جەستەیی خۆی بدۆزێتەوە. نەیویستووە ببینێت کە تەواوی ئەو شتەی بەرهەمی کاری ئەم مرۆڤایەتییە کارکەرەیە، لەجیاتی ئەوەی لە ڕاکردن و پەلەقاژەکردن بۆ مانەوەی جەستەیی بێنیازی بکات و بەختەوەری بکات، دەچێتە دەرەوەی خۆی و دەبێتە دێوێک کە دەیخاتە ژێر ڕکێف و کۆیلایەتیی خۆیەوە؛ و هەرچەند زیاتر کار دەکات و داهێنان دەکات، ئەم بوونەوەرە دەرەکییە بەهێزتر و خۆیشی لە بەرامبەر ئەو دێوەدا شکاوتر و سەرشۆڕتر دەبێت. ئەمە ڕۆحی کۆمۆنیزمی مارکسە وەک ڕۆییو دەڵێ سەرباری ئەوەی توانیان کۆمۆنیزمی جۆری ڕوسی تێک بشکێنن بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا سەرکەون و ئێستا ئەو دنیایەی هەراسان کردوە.
ئەگەر ناتوانن و نەیانتوانیوە مارکس و کۆمۆنیزمەکەی بشکێنن (لایەنی زانستیی مارکس لە جێگەی خۆی)، لە بەشێکی هەرە گرنگیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مارکس و کۆمۆنیزمەکەی ڕیشەیان لە تەقەلا و کردەوەی ئەم مرۆڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشەدایە کە دینامیزمی واقیعیی هەر باشبوون و هەر گۆڕانێکە لە مێژوودا. مارکس زیندووە لەبەرئەوەی زمانی پاراوی بزووتنەوەی جیهانیی چینی کرێکار و مرۆڤایەتییە لەپێناو ڕزگاری لە کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە. .کۆمۆنیزم تەقەلای ئەم مرۆڤایەتییەیە کە ئەم شارستانییەتەی بنیاتناوە و ئەم موعجیزە گەورانەی لە توانای بەرهەمهێنەری خۆیدا خوڵقاندووە کە بەڕاستی دەتوانێ مرۆڤ لە ئیجباری کاری کوێرانە لەپێناو مانەوە ڕزگار بکات و کار بگۆڕێت بە چالاکیەکی داهێنەرانە و ئازاد. بەڵام ئەم مرۆڤایەتیە تەنها ئەم موعجیزانەی لە داهێنانی خۆیدا دروست نەکردووە، تەنها ئەم تەلار و باڵەخانە مەزنانەی بنیات نەناوە، تەنها گووگڵ و ئینتەرنێت و هەموو ئەم تەکنەلۆژیا مەزنەی پەیوەندیکردنی دروست نەکردووە کە دەریا و زەریا و ئاسمانەکان و زەمەن و زەمانی لە یەکەیەکی سەرسوڕهێنەر دا کۆکردۆتەوە و تەواوی جیهانی ئەمڕۆی کردووە بە گوندێک، بەڵکو ئەم کۆمۆنیزمەشی لە هەناوی خۆیەوە هێناوەتە دەرەوە، ئەم یەکسانیخوازی و ئازادیخوازییە کۆمۆنیستییەشی لە خۆیەوە هێناوەتە دەرەوە؛ مارکس و ئەنگڵس و زەبەلاحە مەزنەکانی گۆڕینی جیهانیشی لە خۆیەوە هێناوەتە دەرەوە. بۆیە کۆمۆنیزم لێرەیە، لە هەمان ئەم گەڕەک و کۆڵانانەدایە کە مرۆڤەکانی ئەم هەسارەیەی تێدا دەژین و لە هەناسە و ئومێد و تەقەلای ئەو مرۆڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشەدایە کە ئەم مەدەنیەتەی تا ئێرە هێناوە.
ئەگەر ئەمە واقیعی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆیە و هەنووکە مرۆڤایەتی گەیشتووەتە ئەم جێگەیە، و ئەگەر ئێستا چینە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئایندەی ئەم سیستەمە و ئەم شێوازی ژیانە لە ململانێدان، پرسیارەکە دەبێتە ئەوەی: ئایا چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەکەی و مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ توانای ئەوەیان هەیە کە لەم ململانێیەدا سەربکەون و پێداویستیە واقیعی کانی ئەم سەرکەوتنە چین؟
وەڵامی کۆمۆنیزمی مارکس و کۆمۆنیزمی کرێکاری لە سەردەمی مانیفێستەوە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە: بەڵێ، دەکرێت؛ کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دەتوانن لەم ململانێیەدا سەربکەون. مرۆڤایەتییەک کە ئەم هۆشیارییەی هەیە، ئەم شارستانییەتەی بنیاتناوە و ئەم موعجیزە مەزنانەی خوڵقاندووە کە بە ئەقڵی هیچ نەوەیەکدا نەدەهات، ئیمکان و توانای مادی و واقیعیی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانی هەیە؛ کۆمەڵگەیەک کە تێیدا مرۆڤ، کرێکاری کرێگرتە و کۆیلەی کرێ نەبێت، و هەر کەسێک بە ئەندازەی توانای خۆی لە داهێنانی بەرهەمهێناندا بەشداری بکات و بە ئەندازەی پێداویستیی خۆی بەشی هەبێت. ئەگەر کۆتایی بەم کۆیلایەتیی کرێگرتەییە و ئەم سیستەمەی لەسەر بنەمای کرێ و پارە و قازانج و بەرژەوەندیپەرستی بنیات نراوە بهێنرێت و مرۆڤایەتی لەم ناچارییانە ڕزگاری ببێت، ئەوا بە بوونی تەکنەلۆژیایەکی ئاوا مەزنەوە دەکرێت بهێنێتە بەرچاو کە هەر لە کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوای سەرکەوتنی سۆسیالیستی دەتوانێت چ تەقینەوەیەکی گەورە لە هێز و توانای مرۆڤدا بێنێتە ئاراوە، بۆ خوڵقاندنی جۆرێکی تر لە ژیانی ئازاد و فرەڕەنگی هاوبەش (ئیشتراکی) لە هەموو بوار و ڕەهەندەکانی ژیاندا.
ڕزگاریەکی ئاوها و ڕێکخستنەوەیەکی سۆسیالیستی لەو جۆرە کاری هەموو جۆرە کۆمۆنیزمێک نیە. کاری کۆمۆنیزمی حاشیەنشینی چەپ نیە کە زیاتر خەریکی خوێندنەوەی خۆیەتی و ئەم دنیا پان و بەرینە و ئەو مرۆڤایەتیە گەورەیە بەو هەموو شعور و هەست و نەستە سۆسیالیستەی خۆیەوە و ئەو بورژوازیەی غۆل ئاسایە لە کونی دەرزیەوە سەیر دەکا. کاری ئەو کۆمۆنیزمانە نیە کە هەموو مەسەلەکەیان دروستکردنی ئابوری خۆیی و میللی و پیشەسازیکردنی وڵاتانێک بووە لەسەر بنەمای هەمان کۆیلایەتی کاری کرێگرتە و پارە و سود و چەوسانەوە.
ئەو جۆرە ڕزگاریە سوسیالیستیە کاری ئەو کۆمۆنیزمە کرێکاریەیە کە لە هەمان ئەو فەرزە وجودیانەی مرۆڤایەتی بۆ ژیانێکی باشتر و ئازادەوە دەست پێدەکا و دەیەوێ ئەو هێزە گەورەیەی چینی کرێکار و بەشەرییەت بگۆڕێ بە پڕۆژەیەکی سیاسی بەردەست بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی و کرێکاریی. کاری کۆمۆنیزمێک کە دەیەوێ هەمان ئەو میکانیزمە گەورانە بۆ گۆڕینی دنیا بە دەستەوە بگرێ کە مرۆڤایەتی خوڵقاندونی، کاری کۆمۆنیزمێک کە دەیەوێ ببێ بە هێز و ببێ بە حیزبی سیاسی گەورەی سەردەمی خۆی. دەیەوێ ئەو حیزبە دروست بکا کە توانای هەبێ و ئارەزوی هەبێ ئەم مرۆڤایەتیە لە ئاستی گەورەی کۆمەڵایەتیدا بەڕاستی نوێنەرایەتی بکات، کۆمۆنیزمێک کە دنیای بچوکی فیرقەیی کۆمۆنیزمی حاشیەیی و پەراوێزنشینی وەلا ناوە و لە ئاستی گەورە دا خەریکە ئیرادە و بزوتنەوەی واقیعی ئەو مرۆڤایەتیە دەهێێنتە پشتی خۆی و ڕێکی دەخات. کۆمۆنیزمێک کە بەرنامەی دنیایەکی باشتری هەیە و دەیەوێ و تێدەکۆشێ کە بەشێوەی سیاسی سەربکەوێت و دەسەڵات و دەوڵەت وەک ئامرازێک لەو خەباتە چیانیەتیەدا بە دەستەوە بگرێت تا بتوانێ بەرنامەی خۆی، بەرنامەی دنیایەکی باشتر پیادە بکات. کۆمۆنیزم کە خەریک نیە تەڵقینی باوەڕەکانی خۆی بکا، خەریک نیە تەنیا تەفسیر بکات، خەریکی ئەوە نیە کە بەشێوازی گروپ و فیرقەیی بچوک کە خەریکی ستایشی ئیمان و باوەڕەکانی بێت و لە دنیای بچوکی دا خۆیدا گیری خواردبێت و بە زمانێکی سەیر و ڕازئامێز باسی دنیا و ئاڵوگۆڕ بکات، بەڵکو کۆمۆنیزمێکە کە بە زمانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و لە ئاستی ملیۆنی و بە میکانیزم گەورەکانی گۆڕانکاری ئەم سەردەمە حیزبی گەورەی سیاسی خۆی بهێنێتە نێو ئەو کێشمەکێشە چینایەتیەوە کە لە بنەڕەتدا کێشەکێشێکی سیاسیە.
ئەوەی بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە پیویستە تەنیا سەرکەوتنێکی سیاسی کرێکاری و سۆسیالیستیە و لەم دونیایەدا و بەو ئیمکاناتە گەورانەی مرۆڤایەتی فەراهەمی کردوە، ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە بەشێوەی سیاسی سەربکەوێت و مەیل و خواست و توانای ئەوەی هەبێ خۆی ڕابگرێت و بمێنێتەوە، دنیا و بەشەریەتی کرێکار و زەحمەتکێش دەگەنە دەروازەی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە لە ژیانی خۆیاندا و دەکرێ ئەو کۆمەڵگەیە بنیات بنێت کە بتوانێ( لەهەر کەس بە ئەندازەی توانای و بۆ هەر کەس بە ئەندازەی پێویستیەکان)ی پیادە بکات.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە