ڕەبیع جابر
شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی
سێ سەرنج كە پەیوەندیان بە كتێبەوە هەیە:
1 – كتێبی زۆر هەیە.
2 – كتێبە باشەكان كەمن.
3 – كتێب بونی نییە گەر نەیخوێنینەوە.
سەلماندنی تێبینی یەكەم زۆر ئاسانە. سەروەختێك ئەو وشانە دەخوێنیتەوە، هەوڵبدە ئەو كتێبانە بێنەرەوە بیری خۆت كە خوێندوتنەوە.. دەتوانیت بیانژمێریت؟ بۆساتێك واز لە خوێندنەوە بێنەو چاوەكانت دابخە. تۆ لە كوێیت؟ لە ماڵەوەیت، لە ئۆفیسی، لە ئۆتۆمۆبێلدای؟ گەر لە ناو ئۆتۆمۆبێلدای مەخوێنەرەوە. چونكە ئەوە بە قەڵبەیەكدا دەدات.
گەر لە ئۆفیسدای دەستبخەرە سەر گوێیەكانت، بۆئەوەی دەنگی چواردەورت نەبیستی. گەر لە ماڵەوەیت لەسەر لا پاڵكەوە و پاشان هەوڵبدە ئەو كتێبانە بژمێری كە لە ژیانتدا خوێندوتنەتەوە. ئەڵبەتە ئەوە كارێكی زەحمەتە.
ئاخر ئاسان نییە هەموو ئەو كتێبانە بژمێریت. كەواتە تەنها دوو وەڵامت بۆ ئەو پرسیارە لەبەردەمدایە: ئایا دەتوانیت ئەو كتێبانە بژمێریت كە خوێندوتنەوە؟ تەنها دوو وەڵام هەیە بۆئەوە، ئا یان نا.
گەر بە نا وەڵامت دایەوە، ئەوە مانای وایە كتێبگەلێكی زۆرت خوێندۆتەوە. بەڵام گەر بە بەڵێ وەڵامت دایەوە، ئەوا دووشت دەگەیەنێ:
یەكەم: ئەوەیە تۆ زۆرت نەخوێندۆتەوە و ئەوەش شتێكە بە باشە بۆت حیساب ناكرێت. دووەم: ئەوەیە تۆ ژمارەیەك كتێبی دیاریكراوت خوێندۆتەوەو لەوەزیاترت نەخوێندۆتەوە. ئەو لەوە زیاترەی نەتخوێندۆتەوە، گەورەیەو كەسیش وەك خۆت نازانێت چەند زۆرە. كتێبگەلێكی زۆر لەدنیادا هەیە. كەس ناتوانێت هەرچی هەیە بیخوێنێتەوە.
دەكرێت پڕكێشی زیاتر بكەین و بڵێین: (كەس توانای ئەوەی نییە هەموو ئەو شتانەش بخوێنێتەوە كە بەزمانی دایك نوسراون). “جاحظ” خوێنەرێكی سەیربوو. بەڵام تۆبڵێی هەموو ئەو شتانەی خوێندبێتەوە كە لە سەردەمی خۆیدا، بە زمانی عەرەبی نوسراون؟ دەكرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بە بەڵێ بدەینەوە.
هۆكارەكەشی ئاسانە: (جاحظ لە سەردەمی پێش دۆزینەوەی ئامێری چاپدا ژیاوە و ئەو كاتەش كتێب زۆرنەبووە)، بەڵام دەتوانین بە نەخێریش وەڵام بدەینەوە. “جاحظ” هەموو دەستنوسە عەرەبیەكانی سەردەمی خۆی نەخوێندۆتەوە.
ئەڵبەتە هۆكاری ئەوەش ئاسانەو هەر پەیوەندی بەهۆكاری یەكەمەوە هەیە: (جاحظ لەسەردەمی پێش دۆزینەوەی ئامێری چاپدا ژیاوەو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە دەستنوس بەئاسانی دەست هەموو كەس نەكەوتووە). لەو سەردەمانەدا دەوڵەمەندێكی ئەوروپایی، دەستنوسێكی بە كێڵگە و زەویوزارێكی كشتوكاڵی دەكڕی. ئەوانەی خوێنەری ئینسكلۆپیدیا مێژوییەكانن و دڵخوازی ئەدەبی پێش سەردەمی ڕێنیسانسن، ئەوە دەزانن.
لە سەردەمی ئێستاماندا كەس شك دەبەین، هەموو ئەو كتێبانەی خوێندبێتەوە كە بە زمانی عەرەبی هەن؟ واتە تێكڕای بەرهەمەكانی “مەسعودی و تەبەری و ئیبن ئەسیر و… کێ و کێیان” خوێندبێتەوە؟ ئەوانەی باسمانكردن هەندێ لە مێژوونوسانن.. ئەی فوفەهاكان چی؟ ئەی گەڕیدەكان و ئەوانەی خەریكی كۆكردنەوەی شتە سەیر و سەمەرەكان بوون؟
پاشان ئەوەی خوێنەری ئەو كتێبە كۆنانە بێت – كەم تا زۆر -، حەز بەخوێندنەوەی ئەدەبی نوێی عەرەبی ناكات. هەیە ئەمیشیان دەخوێنێتەوە. گەر هاتوو هەردووكیانی خوێندەوە، ئەوا ڕوبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوەە: (ئایا هەرچی بە عەرەبی دەنوسرێت، لە بواری سیاسەت و توێژینەوە و بیروەری و…. هتد)، دەیانخوێنێتەوە؟
بێگومان وەڵامەكە بە نەخێرە. ئەستەمە كەسێك هەبێت و حەز بە خوێندنەوەی ئەو هەموو ڕەگەز و بوارە جیاجیانە بكات. گەر بێتو لەگەڵ پێشیناندا گریمانەی ئەوەمان كرد و زانیمان مرۆڤ هەر بە تەنها یەك كارەكتەر نییە، بە بەڵگەی ئەوەی تۆ لەم چركەساتادا ئەو مرۆڤەی دوێنێ نیت.
یاخود گەر مەزەندەی ئەوەمانكرد لە وڵاتانی عەرەبیدا كەسێك هەیەو هەرچی بە عەرەبی نوسراوە تا ئەمرۆ خوێندویەتیەوە، دەگەینە خاڵێك نزیك دەبێتەوە لە حیكایەتی ئەفسانەیی و خەیاڵی زانستی.
باوای دابنێین ئەوە ڕاستە: (واتە كەسێك هەیە، هەرچی بە عەرەبی نوسراوە، خوێندوێتیەوە). دەبێت ئەو كەسە تەمەنی چەند بێت و دەتوانێت چەند كتێبی دیكەش بخوێنێتەوە؟
ئایا ئەو كەسە دەزانێت خانەی وەشانی واهەیە لە بەیروت زیاتر لە حەفتا دەستنوسی لایەو ڕەنگە لەهەر ئانوساتێكدا بێت بڵاویانبكاتەوە؟ پاشان ئەی كتێبە بیانیەكان چی؟ ئایا ئەو كەسە جگە لە عەرەبی زمانی دیكە دەزانێت؟ كەم تا زۆر وەڵامەكە بە بەڵێ یە، بەڵام زەحمەتە كە بەو زمانانە زۆرێكی زۆری خوێندبێتەوە.
با وای دابنێین هەموو مێژوی “تەبەری” لە سێ ڕۆژدا خوێندۆتەوە. ئەوە بۆخۆی مەحاڵەو بەڵام مەحاڵیش نییە. تەنانەت بەو شێوەیەو بەو خێراییە زۆرەش، هێشتا هەر ناتوانێت تا مردن هەموو ئەو كتێبانە بخوێنێتەوە كە بە عەرەبی نوسراون، یاخود لە زمانەكانی دیكەوە وەرگێڕدراونتە سەر زمانی عەرەبی. ئەی چی لەو كتێبانە دەكات كە بە زمانی دیكە نوسراون؟ كەواتە كتێب ئێجگار زۆرە و لە ژماردن نایەت. ئەوە تێبینیەكە سەلماندنی ئاسانە.
دووەم تێبینی ئەوەیە: (كتێبی باش كەمە). ئەڵبەت دەبێت ئەم دەستەواژەیە (كتێبی باش)، پێناسە بكەین. سەرەتا ڕەنگە دۆزینەوەی پێناسەیەكی گشتی ئاسان نەبێت.بەڵام پێشنیازێكی تاڕادەیەك بەجێ بۆ ئەوە هەیە: (كتێبی باش ئەو كتێبەیە دوای خوێندنەوەی یەكەمجاری، حەز بكەیت جارێكی دیكەش بخوێنیتەوە. جار لە دوای جار دەیخوێنیتەوە و لێی تێرنابیت و بیرت ناچێتەوە). بۆ پێناسەی كتێبی باش ئەم ڕستەیە پڕ بەپێستیەتی: (كتێبی باش ئەو كتێبەیە، زیاد لە جارێك دەخوێندرێتەوە).
هەنوكەش دەگەینە بەشی دووەمی تێبینیەكەمان.. ئەو كتێبانە كەمن. كتێبی باش دەگمەنە. “دانتی” لەسەرەتاكانی مانگی ئەیلولی ساڵی 1321 دركی بەوەكردبوو. واتە چەند ڕۆژێك بەرلەوەی بمرێت. پاش ئەوەی توشی مەلاریا دەبێت و ئەو دەردەشی كاتێك توشدەبێت كە زۆنگاوەكان دەبڕێت و داخڵ بە شاری فلۆرنسا دەبێت.
“ڕۆبرت شستەری”یش لەساڵی 1144 زایینیداو سەروەختێك خەریكی وەرگێڕانی قورئانبوو بۆ سەر زمانی لاتینی، تێبینی هەمان شتی كردبوو. شایەنی باسە هەریەك لە “دانتێ و ڕۆبرت شستەری” بۆچونێكی زۆر كۆنی پێش خۆیانیان دوبارە كردۆتەوە، چونكە بەر لەوانیش “ئۆڤید و ڤرجیل و هۆمیرۆس” و حەكیمەكانی سەردەمانی پێشوو و خاوەنی مەهاباراتای سانسكریتی، باسیان لەوەكردووە.
كتێبە باشەكان كەمن. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا و لە كاتی خوێندنەوەی (كۆمیدیای یەزدانی) “دانتێ” داو سەروەختێك دەستی بە نوسینی (دكتۆر جیكڵ و میستەر هاید) كرد، “ڕۆبەرت لویس سێتڤنسۆن” دركی بەوەكردبوو.
لە چلەكانی سەدەی بیستەمدا “خۆرخێ لویس بۆرخیس”، كاتێك نۆڤلێتەكەی “ستیڤنسۆن” دەخوێنێتەوەو خەریكی نوسینی (ژیانی تیدیۆ ئیزیدۆرۆ كروز)دەبێت، پەی بەو ڕاستیە دەبات.
“گابریێل گارسیا ماركیز” درك بەوە دەكات، ئەودەمەی لە ساڵی 1965 كورتە چیرۆكەكانی “بۆرخیس” دەخوێنێتەوەو (سەدساڵ تەنیایی) دەنوسێت. كتێبی باش كەمەو كارەساتیش لەوەدایە، ڕەنگە ببێت بەژێر باری ئەو كتێبانەوە كە ڕۆژانە چاپخانەكان فڕێیان دەدانە ئەم گەردونەوە.
هێندە بەسە كە هەریەك لە ئێمە سەردانێكی پێشەنگاكانی كتێب بكات، بۆئەوەی ئەو هەستە ناخۆشە دایبگرێت: (تۆبڵێی لە نێو لێشاوی ئەو هەموو كتێبەدا، ئەوە بدۆزمەوە كە خۆم مەبەستمە؟).
ئەوە بەوە دەچێت پاییز لە دارستانێكدا كە گەڵا دایپۆشیووە، بۆ گەڵایەكی وشکوبرنگی تایبەت بگەڕێیت. یان بە چیرۆكێكی ئیتاڵی سەر بە سەدەكانی ناوەڕاست دەچێت كە نوسەرەكەی نەناسراوبێت. ئەو چیرۆكە بە مەزەندەی یەكێك لە نوسەرە هاوچەرخەكان، لە نوسینی “ئیتالۆ كالڤینۆ”یە. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ نوسینەكانی “كالڤینۆ” ئەو گومانەمان دەڕەوێتەوە: (كالڤینۆ ئەو چیرۆكەی نە نوسیووە كە ئێمە لێرەدا دەیگێڕینەوە).
چیرۆكەكە لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاستدا ڕودەدات. شەڕ لەنێوان دوو وڵاتدا دەقەومێت. سوپایەك سەرلەبەر تیادەچێت. هەواڵەكە دەگات بە گوندێك، پیاوێكی تێدا دەژی ناوی “شارلمان”ە. ئەو پیاوە تەنها یەك برای هەیەو ئەو برایەشی لەو شەڕەدا تیاچووە.
“شارلمان” بڕیاردەدات گوندەگە جێ بێڵێت و ڕودەكاتە چیا و پێدەشت و دۆڵەكان و خۆی دەگەیەنێتە گۆڕەپانی جەنگەكە. دەیەوێت لاشەی برا كوژراوەكەی بباتەوە بۆ گوندەكەی خۆیان (گوندی باب و باپیران) و لەوێ بە خاكی بسپێرێت و لە پاڵ بابوباپیرانیدا بینێژێت.
دوای ماوەیەكی زۆر لە ڕێڕۆشتن، دەگاتە شاخێك. ڕێبەرەكە پێی دەڵێت: (شەڕەكە لە پشت ئەم چیایەوە ڕویدا). “شارلمان” بە چیاكە هەڵدەزنێت و دەگاتە سەرەوە. پاش كەمێكی دی بەودیودا دادەگەڕێت و لاشەی براكەی دەدات بە شانیدا و دەگەڕێتەوە گوندەكەی خۆیان و لەپاڵ كەسوكارەكەیاندا دەینێژێت. “شارلمان” لەوكاتەی بەسەر چیاكەدا دەكەوێت، بیر لە هەموو ئەو شتانە دەكاتەوە.
كات دەمەو نیوەڕۆیەو خۆر بە تاقی ئاسمانەوەیە. بە هەڵەداوان و هەناسەبڕكێوە، دەگاتە سەر دوندی چیاكە. لە جێی خۆی دەوەستێت و ئارەق بەسەر لوتیدا دێتە خوارێ، سەیری پێدەشتەكانی خوارەوە دەكات. پێدەشتێك هەزاران لاشەی كوژراوی لێكەوتووە. چۆن بتوانێت لەناو ئەو لاشە بێشومارانەدا، تەرمی براكەی بدۆزێتەوە؟
كتێب زۆرە و كتێبی باش كەمە. ماوەتەوە سێیەم سەرنج: (كتێب بونی نییە گەر نەیخوێنینەوە).
كتێبی (حیاة الحیوان الكبری)ی ئیمام “دومێری” لە چاپكراوەكانی چاپخانەی (مەیمەنە) لە وڵاتی میسر كە لە ساڵی 1888 چاپكراوە، لەگەڵ پەراوێزێكدا كە لەسەر لاپەڕەكانی كتێبێك نوسراوە بە ناونیشانی (عجائب المخلوقات و غرائب الموجودات) و لە نوسینی “قیزوینی”یە.
ئەو كتێبە دوو كتێب لە خۆی دەگرێت (لە دنیادا نییە)، هەرچەندە بۆ سەدە و نیوێك دەچێت لە پایتەختی وڵاتێكی عەرەبی و لەسەر تاقی كتێبخانەی زانكۆیەك دانراوە. ئەو كتێبە تۆز و خۆڵی لێنیشتووەو بەهۆی تەڕەشوع و تاریكیەوە، لاپەڕەكانی ورد دەبن و بەدرێژایی سەدەیەكی تەواو، تەنها جارێك یان دوو جار لەو كتێبخانەیە براونەتە دەرەوە.
كتێب بونی چۆن دەبێت، گەر كەس نەیخوێنێتەوە؟
كتێبێكی ئینگلیزی هەیەو ساڵی 1862 بە پێنوسی قەشەیەكی پرۆتستانتی نوسراوە كە لە ساڵی 1860 سەردانی سربستانی كردووەو تێیدا باس لە سەركردە دروزیەكانی جەبەل لوبنان دەكات، چۆن لەو كاتەدا لە كونجە تاریكەكانی قەڵای بۆڵگراددا بەندكراون.
ئەو كتێبە چۆن لەم دنیایەدا بونی دەبێت، گەر هەروا بە نوستوی و لە ژێرزەمینی كتێبخانەیەكدا مایەوە كە كتێبی كۆن دەفرۆشێت، لە شەقامێكی چەپەكی (ئێدوارد ڕۆد) لە لەندەن.
كتێبی داخراو بە بەردێك دەچێت لەناوەڕاستی بیاباندا. كتێبی داخراوبونی نییە. ئەوكاتە دەبێتە كتێب و بونی دەبێت كە چاوی خوێنەرانی دەكەوێتە سەر و دەیخوێننەوە.
لەنوسینەكەمان بووینەوە.
سێ تێبینی: (كتێبێكی زۆر هەیە.. كتێبی باش كەمە و كتێبیش بونی نییە گەر ئێمە نەیخوێنینەوە).
ر لێواری پەنجەرەکەدا دەكرد(.
خۆ ڕەنگە ساڵی 1918ی، بەدیار تێڕامان و سەیركردنی دارودرەختەوە بەسەر بردبێت.
دەربارەی كتێب
97