ئەکرەم سەعید:
* (هەرکەسێک قەڵغانێک بدزێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت، لە کاتێکدا ئەوەی دەسەڵات قۆرخ دەکات دەبێتە شازادە.) – چوانگ سی*.
کۆمەڵکوژی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە غەززە، جارێکی دی پرسی “دادپەروەری و دژی ستەم “ی لە جیهاندا وورووژاندەوە. “نەسرین مالیک” لەم ڕۆژانەدا نووسی بووی:(لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بینیم گەنجان ئایندەی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، و هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەکرد لە دابینکردنی بنەما ئەخلاقی و دادپەروەرییەکان بە تایبەتی بۆ غەززە و فەلەستین بە گشتی.).- ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی.
لە ڕاستیدا پرسی دادپەروەری و جەدەل لەسەری بە ئەندازەی خودی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆنە، بەڵام ئەم پرسە لە سیستەمی سەرمایەداریدا، لە ڕوانگەی جیاوازەوە تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان شرۆڤەیان بۆ کردووە.
لە هەردوو کۆمەڵگەی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا، چەوسانەوەی چینایەتی پێچرا بوو بە چەوسانەوەی فکری و سیاسییەوە، واتە ستەمی کەسایەتی، ستەمی ئاینی و ئیسنی، ستەمی نایاسایی و نادادپەروەرانە، باوبووە. لەو کۆمەڵگایانەدا (دەسەڵاتی ڕەهای پاشاکان) یاساکانی سزادانیان داڕشتووە، و کاتێ کەسەکان و گروپەکان، ملپێچیان لە یاساکانی دەسەڵات کردووە، یان لە نەریەتی کۆمەڵگە ترازاوون و شتی حەرامیان کردووە، سزای جەستەیی دراون و کۆکوژی کراون.
وە تا ئیستاکانەش لەو ووڵاتە سەرمایەدارییانەی کە “دەسەڵاتی پۆناپارتی = دەسەڵاتی سەرمایە نەک سەرمایەداران” تێیاندا فەرمانڕەوایە؛ واتە دەوڵەتی یاسا نییە و دەزگای دادگاکان سەربەخۆ نین، ستەمی سەردەمی “کۆمەڵگای سونەتی/ کۆمەڵگای پێش مۆدێرنێتە” بەردەوامە، یانی ستەم دژی ژنان و کەمایەتییەکان و پێشێل کردنی مافە سەرەکییەکانی مرۆڤەکان، دیاردەێکی ڕۆژانەیە.
بە بڕوای تیۆری کۆمەڵایەتی لیبڕالیسم لە کۆمەڵگەی مەدەنی سەرمایەداریدا کە دەوڵەتی یاسا هەیە و دەزگاکانی داد سەربەخۆن (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە مسۆگەر کراوە، ئیدی ستەمی کەسایەتی و ستەمی کەمایەتییەکان قەدەغەکراوە، و بە کارێکی نایاسایی دەژمێردرێت و سزای سەرپێچکەران دەدرێ، وە کەسی تاوانبار هەر ناونیشانێکی هەبێ، واتە وەزیرە یان سەرۆکە یان کەسێکی دەرەوەی دەسەڵاتە، دەوڵەمەندە یان هەژارە، چاوی یاسا ئەو سیفەتانە نابینێ، و تاوانبار سزای خۆی وەردەگرێ. سومبۆلی ئەم دادپەروەریەش پەیکەری بەردەم داگاکانی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، کە پەیکەری ژنێکە تەرازوێکی بە دەستەوەیە و هەردوو چاوەکانی بە پارچە قوماشێک بەستراوە.
ڕەنگە ڕوونترین نموونەی هاوچەرخی ئەم بیروڕایە بۆ بوونی دادپەروەری یاسایی، ڕاکانی “جۆن ڕۆڵز” بێت، کە دادپەروەری بە یەکەم فەزیلەتی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت.
ساڵانێکە تیۆری کۆمەڵایەتی لیبڕالیسم تەنها وەک مەکتەبێکی فکری نەماوەتەوە، بەڵکە لانی کەم لە ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوای وەک:(سوید، ئەڵەمانیا، فەرەنسا، ئەمەریکای باکوور، هتد) لیبڕالیسم وەک مۆدێلێکی (کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگای یاسایی) بۆرژوازی بەرجەستە بووە، و ئەنجومەنی یاسادانان / پەرلەمانی دەوڵەتەکانی ئەو ووڵاتانە ئەو مافانە-(ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) یان بۆ تاکەکەسەکان لە دەستووردا نووسیووە، و دەزگاکانی بەڕێوەبەڕایەتی و دادی ئەو ووڵاتانە ئەو مافانە بۆ هاوڵاتیان لە پێشێلکردن دەپارێزن.
هەڵەبەتە پەناهەندەکان جیاوازی مافەکان لە (کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگای یاسایی) بۆرژوازی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، بەراورد بە ووڵاتانێک کە لێوەی ئاوارە بوون، باشتر درک پێدەکەن، چونکە (ئازادی تاکەکەس: لە خواردنەوە و هاوسەری و سێکس و پۆشاک و گەشت و ،، هتد، و ئازادی ڕادەربڕین، و مافی بەشداری چالاکی سیاسی و خۆپیشاندان)، و دادپەروەری و یەکسانی هاوڵاتییان لە بەرامبەر یاسادا، لە جیهانی سەرمایەداری ئیستبدادی بەناوی جیهانی سێیەمی وەک (ئێران، تورکیا، کوردستان، میسر،، هتد) ، پێشێل کراوە.
ئەی کەواتە سۆسیالیستەکان چ ڕەخنەێکیان لەم (ئازادی و یەکسانی و دداپەروەری)یەی (کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگای یاسایی) بۆرژوازی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، هەیە؟!.
بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو کێشەی جیاوازی دیدگای ڕەوتەکانی سۆسیالیستەکان بۆ ئەو پرسە، من باسی سۆسیالیستی مارکس دەکەم؛ یانی بە کورتی ڕەخنەی مارکس چییە لە (ئازادی و یەکسانی و دداپەروەری) بۆرژوازی؟!.
تیۆری سۆسیالیستی مارکس ڕای وایە کە سەرمایەداری لە کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی دەوڵەتدا، مافەکان-(ئازادی و یەکسانی و دداپەروەری)ی ڕواڵەتی دابین دەکات، یانی مارکس دان بەوەدا دەنێ کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا تاکەکەسەکان ئازاد و یەکسانن، و دادپەروەرانە مامەڵە دەکرێن لەچاو کۆمەڵگەی سونەتیدا، بەڵام ئەم مافانە وەهمین، و لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئینسانەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ( نە ئازاد و یەکسانن، و نە دادپەروەرانە مامەڵە دەکرێن). هەڵبەتە لێرەدا دەبێ ئەوەمان لە یادبێ کە مارکس باس لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری دیموکرات و لیبڕاڵ دەکات، بەڵام ئەو مافانە لە خولی قەیران و دڕندەیی سەرمایەداریدا، وە لە کاتێکدا کۆنەپەرستی و سەرکوت زاڵ دەبێ، و کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری دەگوڕدرێت بۆ کۆمەڵگەی تۆتالیتاریسم، ئیدی(ئازادی و یەکسانی و دداپەروەری)ی ڕواڵەتی بۆرژوازیش لەنێو دەچێ.
گەر باس لە ئازادی بکەین، بەڵێ تاکەکەسەکان ئازادن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن، دەچنە بازاڕ و بە دڵی خۆیان گرێبەستی ئازاد مۆردەکەن لەتەک ئەو خاوەنکارەی پێیان باشە لای کار بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئازادییە ڕووکەشە پێویستی پەیداکردنی بژێوی لە پشتەوەیە، کە پاڵ بە کەسەکانەوە دەنێ بە ناچاری بچن کار بکەن، وە مادامەکی زۆربەی خەڵک خاوەنی سەرمایە نین، بەڵکە تەنها خاوەنی هێزی کاری خۆیانن، کەواتە هەڵبژاردەێکی دییان نییە بۆ پەیداکردنی بژێوی لە کارکردن زیاتر. بۆیە مارکس کرێکاران ناودەنێ (کۆیلەی کاری کرێگرتە)، بێگومان کۆیلەش هیچ ئازادێکی نییە و ناچارە بە کارکردن، بەڵام جیاوازی کۆیلەی جیهانی کۆن و جیهانی سەرمایەداری ئەوەیە کە زۆرەملێی بۆ کارکردنی کرێکاران دەسەڵاتێکی شەخسی نییە، بەڵکە هەلومەرجێکی بابەتییە، بۆیە چەوسانەوەی چینایەتی کرێکاران لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا شەفاف نییە و بە (ئازادی تاکەکەس)ی داپۆشراوە.
بۆ ئازادی چالاکی سیاسی و دەنگدان، ئەم مافە مسۆگەرە، بەڵام چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی نابێ لە هێڵە سوورەکانی دەسەڵات بترازێ، و هاوڵاتیان مافیانە لە هەڵبژرادەکاندا ئازادانە دەنگ بدەن لە نێوان (بەرنامەی ئەحزابە بۆرژوازیەکاندا و کاندیتەکانیان: لە نێوان بایدن و ترامپ، یان لە نێوان ئەحزابی چەپ و ڕاستڕەوی بۆرژوازی)، واتە گەمەی چوار ساڵ جارێک، کە لە سێرکێکی بێ مانا، کە لە کۆمێدیا و فروفێڵ زیاتر، هیچی دیکە نییە.
ئەمە یانی هەروەک چۆن سەرمایەداری لە بازاڕدا، ڕێگا دەدا کۆمپانیاکان بە ئازادانە پڕوپاگاندە بۆ کاڵاکانییان بکەن و بۆربۆڕێن لەتەک یەکتردا بکەن، هەروەهاش لە سەرمایەداری لیبڕالیسمدا، ئەحزابەکان ئازادن لە هەڵبژردندا پڕوپاگاندە بۆ بیروباوەڕو بەرنامەکانی خۆیان بکەن، بەڵام بەمەرجێ (قودسیەتی پەیوەندی کار و سەرمایە) پارێزراو بێ؛ واتە ئازادی و بۆڕبۆڕێن لە بازاڕدا، هاوئاهەنگە بە ئازادی و بۆڕبۆڕێن لە سەرخان.
مارکس و کێشەی پرسی دادپەروەری لە سەرمایەداریدا:
لێرەدا با ئێمە ئەو دوو پرسیارە لەخۆمان کەین کە “نۆرمان گێراس” کردبووی:
(کە ئایا مارکس لە ژێر ڕۆشنایی هەر پرەنسیپێکی دادپەروەریدا سەرمایەداری ئیدانە دەکات؟. – و دوای باسکردنی دیدگای مارکس بۆ سیمای چەوسانەوەی سەرمایەداری. ئایا مارکس سەرمایەداری بە سیستەمێکی نادادپەروەر دەزانێت؟).- نۆرمان گێراس – مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری / ۱.
( مارکس بە بەردەوامی ئینکاری ئەوەی کردووە کە “مووچە/ کرێ” وەک پاداشتی کار نادادپەروەرانە بێت، و ڕەخنەی لە سۆسیالیستەکان گرتووە کە دەیانەوێت بانگەواز بۆ ڕەچاوکردنی دادپەروەری بکەن. ناسراوترین بۆنە مشتومڕەکەیەتی لە “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”، مارکس دژی چەمکی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی کار بووە. مارکس دەپرسێت: (“دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟. ئایا بۆرژوازییەکان جەخت لەوە ناکەنەوە کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانە”یە؟ وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی “دادپەروەرانە” نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا پەیوەندییە ئابوورییەکان بە چەمکە یاساییەکان ڕێکدەخرێن یان بە پێچەوانەوە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟). – هەمان سەرچاوە.
یانی کرێکار کارێکی کردووەو بەرامبەر ئەوە موچەێکی وەرگرتووە، ئەمەش دادپەروەری بۆرژوازییە، کە پێشکەوتووترە لە سەردەمی کاری زۆرەملێی کۆیلەکان و کاری بێگاری جوتیارەکان، کە کرێیان وەرنەگرتووە بەرامبەر کارەکانیان.
( هەندێک لە مارکسییەکانی ئەم سەردەمە بە تایبەتی (ئالن بوکانان، ڕیچارد میلەر و ئالن وود) ڕەتیان کردووەتەوە کە بیرۆکەی دادپەروەری بتوانێت هیچ ڕۆڵێکی بەرچاو لە چوارچێوەی بیری مارکسیستیدا بگێڕێت. بەڵام من بە پێچەوانەوە پێداگری دەکەم کە خودی لۆژیکی ماتریالیزمی مێژوویی، بەتایبەتی چەمکی گەشەسەندنی مێژوویی پێداویستییەکانی مرۆڤ، تەنانەت لە قۆناغی باڵای کۆمۆنیزمیشدا چەمکێکی دادپەروەری بە پێویست دەزانێت.) – تیۆرێکی مارکسیستی دادپەروەریی؟ – ئالان شاندرۆ – زانکۆی لۆرانتیان / ۲.
سۆسیالیستەکان و دادپەروەری
– تەموومژی ڕوانگەی مارکس دەربارەی دادپەروەری
لەبەشی سەرەوەی ئەم نووسراوەدادرکمان بەوەکرد کە دوو ڕای جیاواز هەیە دەربارەی ( ڕوانگەی مارکس دەربارەی دادپەروەری).
ڕای یەکەم بە پشت بەستن بە چەند دەقی مارکس بە تایبەتی(ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا)، پێی وایە کە ڕەخنەی پایەیی مارکس لە سەرمایەداری ئەوە نییە کە سیستەمەکە نادادپەروەرە یان مافەکانی کەسەکان پێشێل دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری چینی کرێکاران دەچەوسێنێتەوە، کەواتە چەوسانەوەی چینایەتی و ململانێی چینایەتی پرسی سەرەکی مارکسە. بۆیە خەبات بۆ دادپەروەری و مافەکان ناتوانێ سیستەمەکە برۆخێنێ، چونکە سیستەمی سەرمایەداری دادپەروەری و مافی بۆرژوازی پێویستی خۆی تێدا هەیە. مارکس بەڕای ئەم هاوڕێیانە تا ڕادەیەک ڕوون و ئاشکرا دەڵێت: سەرمایەداری بە هەموو کەموکوڕییە فرەچەشنەکانییەوە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە دادپەروەرییەوە هەیە، ناتوانرێت تاوانبار بکرێت. سەرمایەداری بۆ مارکس هەرچییەک بێت، پێناچێت ناڕەوا بێت./ ۱.
ئەرگومەنتەکانی ئەم ڕایە ئەوەیە کە لە بارودۆخی سەرمایەداریدا، داواکارییەکانی دادپەروەری ناتوانن لەوە زیاتر جێبەجێ بکەن کە سیستەمەکە خۆی دادپەروەری پێویست دروست دەکات؛ بەم شێوەیە هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کامڵ بە ناچاری شکست دەخوات. بۆیە چەمکەکانی ماف یان دادپەروەری، لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاران بۆ گۆڕینی سەرمایەداری بە سۆسیالیسم، ڕۆڵێکی پاڵنەری سەرەکییان نییە./ ۲.
ئەم ڕایە گەرچی لە ڕەهەندێکیدا-(واتە: چەوسانەوەی چینایەتی کرێکاران لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا)، دروست ڕوایەتەکەی مارکسمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام بە شێوەێکی ئەبستراکت بۆمان باس دەکات، لێرەوە دەگات بە ئەنجامگیرێکی گشتی نادروست:(سەرمایەداری دادپەروەرە). لە ڕاستیدا دەشێ خەتای ئەم جۆرە گێڕانەوە تاک ڕەهەندییە، بکەوێتە ئەستۆی دەربڕینە تووندەکەی مارکس خۆی لە (ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا)دا.
دەبێ خوێنەر بیر لەو دێڕەی ئەنگلس بکاتەوە بۆ وەسفی شێوازی مارکس لە “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا: (ئەو توندییەی مارکس لە شیکارکردنی ڕەشنووسی بەرنامەکە، وە ئەو سەختییەی کە تێیدا دەرەنجامەکانی خستەڕوو) – پێشەکی یەکەمی ئەنگلس بۆ نامیلکەی: “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”-.
مارکس دەپرسێت:(“دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانە”یە؟ بەڕاستی ئایا دابەشکردنی ئێستا تاکە دابەشکردنی “دادپەروەرانە” نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟) – ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا – بەشی یەکەم.
بە ڕای من مارکس هەرگیز بەو جۆرە نامێژوویی، و ئەبستراکت، و تاک ڕەهەند دەقی نەنووسیووە:
نامێژووییە؛ چونکە مارکس تەنها (خولی سەقامگیری و دیموکراتی-لیبڕالی سەرمایەداری خستۆتە بەرچاوی خۆی)، ئیدی خولی قەیران و پشێوی و جەنگی سسیتەمی سەرمایەداری لە بەرچاو نەگرتووە، ئەمە جگە لەوەی سەرمایەداری لە دەرەوەی ئەوروپای دیموکرات و لیبڕاڵدا (هیچ جۆرە ماف و دادپەروەرێک لە خۆیدا نانوێنێ) .
خودی مارکس خۆی لە بڕێک لە نووسراوەکانیدا، سەرمایەداری بە سیستەمێکی دوو دیمەن: (شارستانی و بەربەریسم) ناساندووە، کەچی لەو دەربڕینەی (سەرمایەداری دادپەروەرە)، تایبەتمەندی دڕندەیی سەرمایەداری لە یادکردووە.
ئەبستراکتە؛ چونکە مارکس خۆی باسی لە (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بۆرژوازی ڕواڵەتی) کردووە، وە لە سەرمایەدا سەلماندوویەتی کە سەرمایەداری لە ڕووی ناوەڕۆکەوە (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) ڕاستەقینە بە چینی کرێکاران نابەخشێ، بەڵکە کرێکاران لە سایەی سەرمایەداریدا دووچاری “نامۆیی و شمەک پەرست”ی دەبن. دیاریشە لای مرۆڤی لەو جۆرەش، بایەخ و ماناێک بۆ (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) ڕاستەقینە نییە.
تاک ڕەهەندە؛ چونکە مارکس تەنها باسی دادپەروەری لە دابەشکردندا دەکات، لە کاتێکدا مارکس لە “سەرمایە”دا، باسی پرۆسەی بەرهەمێنان دەکات، کە چۆن (زێدەبایی کە بەرهەمی کاری کاتی زیادەی چینی کرێکارانە، سەرمایە بەبێ بەرامبەر بۆ خۆی دەبات). ئەم دەست بەسەراگرتنەی زێدەبایی و چەوسانەوەی چینی کرێکاران، گەر بەلای بۆرژوازییەوە دادپەروەرانەیە، بەڵام بۆ سۆسیالیستەکان ناتوانرێ پێی بگوترێ دادپەروەرانەیە.
مارکس لە(ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا)دا وەڵامی لاسالییەکان دەداتەوە، کە داواکاری دابەشکردنی دادپەروەرییانەی سامان بوون لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بەڵام ئەو هاوڕێیانە دەقەکەیان لە سیاقی خۆی دەرکردووەو بە گشتی باس لە دادپەروەری سەرمایەداری دەکەن.
وەک چۆن ناوەڕۆکی مانای چەمکی (ئازادی و یەکسانی) بۆرژوازی لەتەک مانای سۆسیالیستی جیاوازی هەیە، هەروەهاش ناوەڕۆکی مانای (دادپەروەری سۆسیالیستی) جیاوازی هەیە لەتەک مانای بۆرژوازی بۆ چمکەکە. مارکس تەنها بە مانای بۆرژوازی بۆ دادپەروەری ئیکتیفائیی کردووە.
ئایا دادپەروەری تەنها دابەشکردنی سامان لە کۆمەڵگەدا دەگرێتەوە؟!. دادپەروەری لایەنی داد و سزای هەیە؛ گەڕانەوەی حەق و داد بۆ ستەملێکراوان و سزادانی تاوانباران. دەربڕینی (سەرمایەداری دادپەروەرە)، لایەنی داد و سزا و ئینساف، گەڕانەوەی حەقی بێتاوانەکان لە کۆمەڵگەیدا، فەرامۆش دەکات.
ئیدی با سەرمایەداری لە دابەشکردندا دادپەوەر بێت، بەڵام ئەمڕۆکە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، لە پروسەی بەرهەمهێنان و لە مافەکاندا، لەسەر ئاستی جیهانیدا (واتە ناتەنها تەماشاکردنی سەرمایەداری لە ناو ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا)، بە گشتی نادادپەروەرە. بۆیە ئەو دەربڕینەی مارکس بۆ سەرمایەداری گونجاو نییە. شێوازێکی دروست لە کاری تیۆری بۆ سۆسیالیستەکان ئەوەیە بتوانن سوود لە دەقەکانی مارکس و ئەنگلس وەرگرن، وە لە ژێر ڕۆشنایی هەلومەرج و پێداویستییەکانی مێژووی ئێستادا (واتە ئەوەی بە بەرچاویانەوە دەگوزەرێ)، شرۆڤەی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ بکەن، و ڕێگای شۆڕشی سۆسیالیستی ڕۆشنبکەنەوە.
بەشێکی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ، کە ڕوو لە زیادبوونە (کۆمەڵگای وێرانە و ڕەوە)؛ وەک (سوریا، سودان، هایتی، ئۆکراینا، غەزە، لیبیا، بۆرما، ئەفگانستان، و زۆرێک لە ووڵاتانی ئەفەریکا،، هتد)، لە کۆمەڵگاێکی لەو چەشنەدا، نە ماف و نە داپەروەری و نە هیچ یاساێک هەیە، جگە لە یاسای دڕندەیی(یاسای جەنگەڵستان/ یاسای کوشتن و هەڵهاتن)، ئیدی لەم ساتەوەختەدا دووبارەکردنەوەی دربڕینێکی مارکس (سەرمایەداری دادپەروەرە) بۆ خۆی دەق پەرستییە.
“مارکس و لۆکاچ و کۆرش” لە ڕەخنەکانییان بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، هەوڵییان دەدا فیتیشیزەکردنی ڕواڵەتەکان کەشف بکەن، کە تایبەتمەندی و نهێنی جیهانی بۆرژوازییە. ئەمڕۆکە جیهانی سەرمایەداری تاکە خودای نییە (واتە پۆڵ و کاڵا تەنها خودای گەورە نیین – پۆڵ و کاڵا تاکە فیتیشزم نیین)، بەڵکە خوداکانی ئایینەکان و تائیفەکان، دەسەڵات و دەوڵەت، سێکس و حەزە تاکەکەسیەکان، نەتەوە و ڕەگەزیش بە “فیتیشیز”کراون. مرۆڤەکان لە نێوان ئەم فرە خوداییە گەورە و گچکەیەدا، دابەشبوون و هۆشی چینایەتیان لاوازکراوە. بۆیە مەسەلەی دادپەروەری ناکرێ تەنها لە بواری دابەشکردنی سامانەوە سەرنجی بدرێ تێ، بەڵکە لە گشت بوارەکانەوە، و لەسەر تاسەری جیهانەوە، و لە خولە جیاوازەکانی سەرمایەدارییەوە. لە دیدگاێکی سەرتاسەری لەو چەشنەدا، هەرگیز سەرمایەداری سیستەمێکی دادپەروەر نییە.
چەوساوەکان و ستەملێکراوەکان
ئەمڕۆکە زۆربەی مرۆڤایەتی، واتە نەک تەنها چینی کرێکاران، لە سایەی قەیران و پشێوی و جەنگەکانی سیستەمی سەرمایەداری، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە هەڕەشەی برسییەتی و فەوتانیان لێ دەکرێ، بەڵکە وجودیشیان کەوتۆتە بەر مەترسی، بەڵام تائێستا زۆربەی مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی (کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژی) کە لەسەریانە، دەستەوەستان و خامۆشن.
لە دونیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا کە پڕە لە “قەیران و جەنگ و مەترسی فەوتان”، خەباتی چەوساوەکان و ستەملێکراوەکان بۆ دادپەروەری و مافەکان، دەبێ پەیوەند بگرێ بە خەباتی سۆسیالیستەکان دژی سەرمایەداری، و ببنە بەشێکی خەباتی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران.
پرسە گرنگەکانی سۆسیالیستەکان
ڕای دووەم لە نێو چەپەکان بڕوای وایە کە دەبێ گرنگی بدرێ بە پرسی دادپەروەری بۆ کەمایەتییەکان؛ لێرەوە ئەم چەپانە سەربەخۆی سیاسی چینی کرێکاران و خەبات بۆ سۆسیالیسم دووچاری کێشەی گەورە دەکەن.
لیبڕالیسمی نوێ کۆمەڵگای سەرمایەداری سەردەمی ئێمەی وەک قازانێکی گەورە لێکردووە کە چەندەها توخمی ناکۆک تێیدا دەکوڵێت، چونکە کۆمەڵگە ئەمڕۆکە لە زنجیرەیەک “ناسنامە”ی جیاواز پێکهاتووە، کە “گرووپی بەرژەوەندی” جیاوازن و کێبڕکێکاری لە نێوانیاندایە. ئەم شوناس و گروپە جیاوازانە لەسەر بنەمای شتگەلێکی وەک:(ڕەگەز، جەندەر، ئاراستەی سێکسی، ناسنامەی نەتەوەیی و پراکتیزە کولتوورییەکان) دامەزراوە، کە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگەی داپۆشیووە، بۆیە سانا نییە هیچ تیۆرێکی سەرتاسەری بۆ کۆمەڵگا بتوانێت هەموو ئەم “جیاوازییانەی گروپەکان و شوناسەکان” لەبەرچاو بگرێت، و لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا یەکیان بخات.
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چالاکەوانان و ئەکادیمیستەکانی چەپی نوێ، بە گشتی جەختکردنەوەکانی مارکسیان لەسەر خەباتی چینایەتی ڕەتکردووەتەوە. بەتایبەتی هێرش کراوەتە سەر مارکس بەهۆی پشتگوێخستنی یان بەکەم تەماشاکردنی پرسیارەکانی ستەمکاری. لێرەوە مارکس وا سەیر دەکرێت کە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ستەمکاریدا بکات، و هەوڵی نەداوە دادپەروەری بۆ ئینسانەکانی کۆمەڵگە داوا بکات، چونکە گوایە مارکس تەنها خەمی چەوسانەوەی چینایەتی هەبووە.
ئەمە یانی مارکس لە دیدی زۆرێک لە خەڵکی تەنها گرنگی بە باری ئابووری چینی کرێکاران داوە، چونکە تیۆری مارکس لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە چەوسانەوەی ئابوورییەوە، وەک تیۆری زێدەبایی مارکس، و ڕەخنەی ئەو لە ئیستغلالکردن و زوڵم بە تایبەتی جەخت لەسەر پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە دەکات لە بەدەستهێنانی زێدەبایی لە کاری چینی کرێکاران، و چۆن ئەو چینە کارگەرە سیفەتە مرۆییەکان لە کاری کرێگەرتەدا لە دەستدەدات بەهۆی نامۆیی بوون و بە شمەکبوون. بۆ نموونە فێمینیستەکان دەڵێن: مارکس هەرگیز بیری لە ڕێکخستنی هیرارکی سێکسی کۆمەڵگا نەکردۆتەوە، و کۆمەڵگەی میم مارکس بە بیرمەندی خۆیان نازانن، چونکە مارکس نە باسی کردوون و نە دیفاعی لێکردوون،، هتد.
هەروەها هێرش دەکرێتە سەر مارکس بە هۆی ئەوەی کە گوایە گرنگی بە ڕەگەزپەرستی نەداوە. بۆ نموونە بەڕای بڕێک لە ڕەخنەگران “ململانێی نەتەوەیی و ڕەگەزی” بابەتێک نەبوون کە مارکس زۆر گرنگی پێدابێت. هەر چەندە مارکس دانی بەو جۆرە دابەشبوونانەدا لە کۆمەڵگادا ناوە، بەڵام پێناچێت زۆر خولیای ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی ئەو پرسانە بوو بێت، بەڵکە بە پێی ئەو ڕایە، مارکس قورسایی خۆی بۆ خەبات دژی سەرمایە خستبووە سەر ناسنامەی چینایەتی و ململانێی چینایەتی، بۆیە مەسەلەی ڕەگەز لە کاری تیۆری و پراکتیکی مارکسدا، جێگەیەکی تایبەتی نەبووە.
مارکس و کۆمەڵگەی میم
نوێنهرانی ڕوسیا لە چەند مانگی ڕابردوو یاسایەکی دژە ڕەگەزی جیاوازیان پەسەند کرد کە ڕێگری لە گۆڕانکاری ڕهگهزی دەکات، و مافی بەخێوکردنی منداڵیان لێ زەوت دەکات، ئەمەش لەو بڕوایەوە هاتووە کە ئەم بڕیارە هاوڵاتیانمان و منداڵەکانمان دەپارێزێت. دیارە لە ئەمەریکادا بارەکە بە پێچەوانەوەیە، لەوێکانە گۆڕانی ڕهگهز یاساییە و مافی کۆمەڵگەی میم پارێزراوە، لەو بڕوایەوە کە ئەوە ئازادی و مافی مرۆڤە. ململانێی نێوان ئەم دوو بلۆکە دڕندەیەی دەوڵەتانی سەرمایەداری پرسی (کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە/ کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی) کردۆتە پرسێکی کەلتووری پڕۆبلۆماتیک:( لەتەک یان دژی مافی ئەو کۆمەڵگەیە).
هەندێک وای بۆ دەچێ کە مارکس لەو هەموو نوسراوانەیدا تەنانەت هەرگیز باسی بابەتەکەش ناکات. بە تەواوی ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو بە هیچ شێوەیەک بۆچوونێکی ڕاستەقینەی لەسەر نەبووبێت. لە سەردەمی ئەودا، ئەم جۆرە کێشانە زۆر ئاشکرا نەبوون، چونکە “مافی ئێڵ جی بی تی” لەو کاتەدا بابەتێکی گفتوگۆی بەرفراوان نەبوو، تەنانەت زاراوەی “میم” لە دوای ساڵی ۱۹۸۸ دەستی بەکارهێنان کرد.
دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە سەدەی نۆزدەهەم بە تەواوی کاتێکی باش نەبووە بۆ مافەکانی “ئێڵ جی بی تی”. بزووتنەوەکە ئەوەندە لاواز بوو کە بە سادەیی لە زۆربەی ووڵاتان دەنگی نەبوو. بۆ نموونە ئەمریکا ساڵی ٢٠١٥ هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازانی بە یاسایی کرد.
ڕای دی هەیە کە پێی وایە زۆربەی شوێنکەوتوانی سۆسیالیسم گرنگییان بە چینی کرێکار دەدا کە ئارەزووی دادپەروەری ئابوورییان هەبوو، نەک پرسی مافی کەمایەتییە کۆمەڵایەتیەکان. بۆیە دەبێت لەو چوارچێوە مێژووییەوە سەیری بزووتنەوەی مافی “کۆمەڵگەی میم” بکەین کە لێیەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک بە مانایەکی ئەبستراکت و مافێکی گشتگیر مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
تاچەند ئەو ڕایانەی سەرەوە دروستن؟!
لە بەشێکیدا ڕاستیان پێکاوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی مارکس ئاوڕی لە پرسی(کۆمەڵگەی میم) نەداوەتەوە، خودی بنەمای فکر و کارکردنی مارکسە، کە بڕوای بەوە نەبووە پرسی حەزی سێکسی، کە حەزی تایبەتی ئینسانەکانە، بکاتە پرسێکی سیاسی، بەڵام بێگومان دیفاعکردن لە مەزڵومین، و وەستانەوە دژی ستەم ئەرکی سۆسیالیستەکانە. هەڵبەتە سۆسیالیستەکان لەسەر بنەمای شوناس ئینسانەکان جیاناکەنەوە، پێناسەی سۆسیالیستەکان بۆ گروپەکان و تاکەکان “ئینسان “ە، و تاکە شوناس بۆ ئینسانەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا کە سۆسیایستەکان دانیپێدا دەنێن شوناسی چینایەتییە-(بۆرژوازی یان کرێکاران)، ئەما سۆسیالیستەکان ئەمرۆکە دژی هەر زوڵمێک دەوەستنەوە کاتێ “ئینسان” دووچاری دەبێتەوە بەهۆی ئەو شوناسانەی بۆیان دروستکراوە. لە ڕاستیدا ئەو بیرۆکەیەی کە پێی وایە “مارکس و ئەنگڵس” ستەمیان پشتگوێ خستووە، چونکە تەنها ئیمتیازیان بە پرسی چینایەتی داوە، هەڵەیە. ئەوان باسی ئەوەیان کردووە کە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا ستەمکاری ڕواڵەتی جۆراوجۆری هەیە، و ناتوانرێت بەجیا لە بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی لێیان تێبگەین، چونکە سەرمایەداری ستەم و نادادپەروەری پەیڕەو دەکات، و پشتی پێ دەبەستێت بۆ مانەوەی سیستەمەکەی، لەبەر ئەمە تێکۆشانی ڕاستەقینەی گروپەکان دژی ستەم و نادادپەروەری، ناتوانرێت لەسەر بنەمای سەربەخۆ و بەجیا لە خەباتی چینی کرێکاران ئەنجام بدرێت، بۆیە لە دیگای سۆسیالیستەکانەوە خەباتی ستەملێکراوان دەبێ هەریەکەیان بە خەباتی سەرانسەری چینایەتی کرێکارانەوە یەکگرتوو بکرێ، چونکە خەباتێکی گروپەکان و شوناسەکان سەربەخۆ لە پرسی چینایەتی دژی سیستەمی سەرمایەداری، هەمیشە لە بەرژەوەندی تەسکی توخمە بۆرژوازی و چینی ناوەندەکانی ناو گروپی ستەملێکراواندا سنووردار و قەتیس دەبێت، و بۆرژوازەکان هەوڵ دەدەن مەودای خەبات لە سنووری سەرمایەداریدا سنووردار بکەن، و چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری تێنەپەرێنێ، و تەنها لە بازنەی ئەودا گمەکە بسوڕێتەوە، بەڵام چینی کرێکاران بەرژەوەندییان لەوەدا هەیە کە خەبات بۆ مافی:(ڕەشپێستەکان، کۆمەڵگەی میم، ژینگەپارێز، ژنان) لە یەک بەرەدا دژی سەرمایەداری لە ژێر دروشمی ستراتیژی (کرێکارانی جیهان یەکگرن)، کۆبکاتەوە.
—————————
* “چوانگ سی” ساڵی ۳۷۰ ی پێش زاینی لە شاری ” مینگ”ی ووڵاتی چین لە دایک بووە.
سەرچاوەکان:
۱/ Norman Geras / The Controversy About Marx and Justice
۲/ A Marxist Theory of Justice?-Alan Shandro/Laurentian University
۳/ Marx and justice : the radical critique of liberalism
by Buchanan, Allen
٤/ مارکس و دادپەروەری: ڕەخنەی ڕیشەیی لە لیبرالیزم/ لەلایەن ئالن بوکانان – لاپەڕە ٥۰/ بەشی٤: ڕەخنەی مارکسی لە دادپەروەری و مافەکان/ ئەم کتێبە ساڵی (۱۹۸٤) چاپکراوە.
Marx and justice : the radical critique of liberalism
by Buchanan, Allen
٥/ ڕەخنەی مارکسیی لە دادپەروەری : ئالن دبلیو وود – فەلسەفە و کاروباری گشتی – بەهار، ١٩٧٢، بەرگی یەکەم.
The Marxian Critique of Justice : Allen W. Wood