Home بیروڕا «تڕەمپ و جەنگاوەرانی»

«تڕەمپ و جەنگاوەرانی»

by admin
0 کۆمێنتەکان 55 بینینەکان

(بەشی دووەم لە سێ بەش)
سیروان عەبدول:
شتێک کە گومانی تیا نییە ئەوەیە کە کاک فاروق بەئەنقەست بەدوای تەبلیغی سیاسیی و گواستنەوەی ناڕەخنەییانەی تیۆری موئامەرە و زانیاریی پشتڕاستنەکراوە و پاڵپشتیی مەیل و ڕەفتارە ئۆتۆریتاییەکانی تڕەمپ و ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانەوە نییە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، نییەتێکی تەواو نەبیلانەی ڕۆشنبیریی و تموحێکی جیدییانەی ئەکادیمییانە لەپشت ئەو موحازەرانەیەوە هەیە چونکە ئەو دەزانێت تێگەیشتن لە ئەمریکا چەند گرنگە.
تێگەیشتن لە ئەمریکا مێژووی ئایدیای سیاسییت لە ئانتیکەوە بۆ دەبەستێتەوە بە دیبەیتەکانی ئێستای ناو ئەمریکا و ناو دونیای مۆدێرنەوە و، بەو جۆرە ئینسان دەتوانێت باشتر لەو پرەنسیپە بنەڕەتییانە تێبگات کە ئەمڕۆ سیاسەت لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بەڕێوە دەبات. ئەو تیۆریی و هەڵوێستگیرییانەی لە ناو ئێستای سیاسەتی ئەمریکییدا هەن دەرکەوتەی ناو دیسکۆرسێکن کە لەو سەردەمە دێرینەی ئەمریکاوە درێژ دەبێتەوە کە دیبەیتی فیدراڵییەت و دژەفیدڕاڵییەت هەبوو، تا دەگات بە کێشمەکێشی نێوان کۆنسەرڤاتیزم و لیبراڵیزم لە سیاسەتی مۆدێرنی ئەمریکییدا. وردبوونەوە لە گەشەی ئەمریکا لەم دووسەد و چل ساڵەی ڕابردوودا، بە زەروورەت دەتبات بەسەر تێگەیشتن لە ئەلێکسیس دی تۆکەڤیلدا کە کتێبەکەی (دیموکراتییەت لە ئەمریکا) سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئایدیای دیموکراتییەت. هەمانشت دەتبات بەسەر چەندین بیرمەندی گەورەی مۆدێرندا لەچەشنی جۆن ڕاولس و تیۆرەکانی سەبارەت بە دادپەروەریی و لیبرالیزمی سیاسیی، وە ڕۆبەرت نۆزیک و تیۆرە ئانارشییەکەی بۆ دەوڵەت.
من دەزانم کاک فاروق کردنی ئەم کارە گرنگەی لە بەرچاوە کاتێک دەست بۆ عەرزکردن و شیکاریی مێژووی ئەمریکا و سیاسەتی مۆدێرنی ئەو وڵاتە دەبات، وە کۆنسێپتی بەرنامەکەشی ڕێک ئەمەیە. بەڵام، بۆ تێگەیشتنێکی لەو جۆرە لە دیسکۆرسی سیاسیی ئەمریکا، پێویست بەوە هەیە کە، ڕێک لەسەر بنەمای ئەو بەهایانەی کە کرۆکی ڕۆحی ئەمریکا پێک دەهێنن، کرۆکی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکان بە گوێگر بناسێنیت و پێرسپێکتیڤە جیاوازەکانی بخەیتە بەردەست تا دەرفەتی هەبێت عەقڵی ڕەخنەیی خۆی لە تاوتوێکردنیاندا بخاتە کار. ئەمە گرنگە بەتایبەت لە سەردەمێکی وەک ئێستادا کە فەیک نیوز و، تیۆری موئامەرە و، ڕێتۆریکی دیماگۆگانە، وە ئینجا درۆکردنە ڕۆژانەییەکانی تڕەمپ، بۆتە پەردەیەکی ئەستوور بەسەر فەزای گشتیی ئەمریکا و جیهانەوە و، خەتەری ڕاماڵران لەگەڵ لێشاوی پرۆپاگەندە و هەڵمەتی ئێستای هەڵبژاردندا لە هەر کات زیاترە.
من پێموایە کاک فاروق جگە لە خەتەری زۆر خوێندنەوەی سەرچاوەی بەحەسریی دەربارەی کۆنسەرڤاتیزم تا ئاستی لێڵبوون و یەکڕەنگبوونی دونیا لەبەرچاوی، بۆتە قوربانیی ئالگۆریتمەکانی ناو پلاتفۆرمەکانی سەر ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئالگۆریتم کە بەر مەبنای ئەوەی پێشتر حەزت بۆ چی بابەتێک پیشان داوە، بەردەوام ماتریاڵی هاوچەشن دێنێتەوە سەر «فیید»ەکەت. لە یوتیوب سەیری ڤیدیۆیەکی تەکەر کارڵسۆن بکە، دەیان ڤیدیۆی تری ئەو و، ئینجا ڤیدیۆی ڕاستڕەو و پەخشکەرەوانی تیۆری موئامەرەت بە دوای یەکدا بۆ ڕیز دەکات. پێدەچێت کارکردی ئەمە بێت کە ڕێک بەچەشنی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان لە ئارگیومێنتکردندا، هەوڵدەدات وا پیشان بدات کە لە دەرەوەی ئەو «حیکایەتە ڕەسمیی»یەدا کە زۆرینە باوەڕیان پێی هەیە و لە میدیا دامەزراوەکاندا هەیە، واقیعێکی جیاتر و گەورەتر هەیە کە تەنها ئەو و ژمارەیەکی خەڵکی کەم بەڵام زۆر ژێر و تەفرەنەخواردووی ڕەوتی باو دەیبینن. وە لە بەڵگەهێنانەوەدا ئینتیقائییانە تەنها ئەو زانیارییانە هەڵدەبژێرێت کە ئەو تیۆرەی ئەو پشتڕاست دەکەنەوە. هەر ئەمەیە هۆکاری ئەوەی کە داکۆکییەکانی لە ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤیی و کۆمارییەکانی ئەمریکا لەو بەرنامەیەدا هیچ ستراکتۆرێکی نییە و لە خاڵێکەوە باز دەدات بۆ خاڵێکی تر بەبێ ئەوەی خۆی ببینێت کە دژەبەریی لەنێوان قسەکانیدا هەیە، وە بەبێ ئەوەی گوێگر بتوانێت ببینێت چی لۆجیکێک خاڵێک لە قسەکانیدا دەبەستێت بە خاڵەکەی دواترەوە، یان ئەو ئیدیعا بۆمبایانە چی دەیانبەستێت بەو کتێب و بیرمەندانەوە کە ناویان دێت.
ئەم جۆرە ئیستیدلالکردنە لە ئاکامدا هەندێک تێزی ئاڵۆز و تێکەڵەوپێکەڵەی لێ بەرهەم دێت کە هاوشانە بە تۆنێکی ژێرەکیی وا کە دەڵێت: هەرکەس گومان لەم قووڵبینییەی من بکات بۆ دۆزەکان، ئەوە گەمژەیی و تەنکبینیی و بێئاگایی خۆی لە دونیا دەسەلمێنێت. ئەم ڕێتۆریکە لە درێژەدا بە بازنەیەکی داخراوی ئایدۆلۆجیی کۆتایی دێت کە هەم بۆ کەسەکانی ناوی و هەم بۆ ئەوانەشی لە دەرەوەین، زۆر سەخت دەبێت ئارگیومێنتکردن لەبەرامبەریدا لەپێناو کردنەوەی ئەو بازنە داخراوەدا.
شایان بە وتنە کە ئەم دەردە و، دروستکردنی ئەو بازنە داخراوە، لەپاڵ ژینگەی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ڕۆژئاواوە، «لۆجیکیی»ترین و «عەقڵانیی»ترین چالاکیی ڕاگۆڕینەوەی ناو ژینگەی ئیسلامییەکانیشە لە کوردستان و لە وڵاتانی موسڵماندا. هەموومان زۆر یان کەم تەجرەبەمان هەیە و دەزانین چەند عەبەسیی و بازنەیەکی داخراوە ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ئەو موسڵمانە دۆگماتیست و ئیسلامییانەدا کە تەنها کتێبی ئیسلامییان خوێندۆتەوە و، بە دانیشتن بە دیار موتابەعەکردنی پرۆپاگەندەی ئیسلامییەوە بەشی گەورەی کاتی خۆیان بەسەر بردووە.
٭ ٭ ٭
بۆ من وا دێتە بەرچاو کاک فاروق بە ئەندازەیەک سەیری ئەو ماتریاڵە زۆرەی پرۆپاگەندەی ناو کەمپینی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کۆمارییخوازەکانی کردبێت کە چوارچێوە گشتییەکە و سروشتی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی ناو سیاسەتی ئەمریکیی لەبەرچاو ون بووە، وە وەک کەسێکی گیرخواردوو لەناو ئەو وەتاغی دانگدانەوە (Echo chamber)نەدا قسە دەکات کە ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی دەوری تڕەمپ گیریان تیا خواردووە و بە دووبارەکردنەوەیان پرۆپاگەندەکان لە ژیاندا ڕادەگرن. بۆ نموونە، کەسێک نەزانێت چۆنە و بۆچی خەڵکانێک هەن پارالێل لەنێوان تڕەمپ و هیتلەردا دەکێشن و ئەدگاری هاوبەش لەنێوانیاندا دەبینن و بەشێک لە خەتەری هیتلەریزم لە تڕەمپیزمدا دەبینن، ئەو کەسە گەیشتۆتە پلەیەک لە وەجد و فەنا لە تڕەمپیزمدا کە بە پێویستی نازانێت کات بە تێگەیشتن لە پرۆتێستی کەسانی تر بگرێت. ئەمە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە وا دێتە بەرگوێ کاک فاروق لە یەکێک لەو حەڵقانەدا هەوڵ بدات تەنانەت هەوڵی ئیغتیالکردنی تڕەمپیش لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا وەک پلانێکی ژێربەژێری دیموکراتەکان پیشان بدات، یان بەدرێژایی بەرنامەکە یەک لە دوای یەک ئەو تیۆری موئامەرە و ئەو موبالەغە ڕێتۆریکییانەیە بگوێزێتەوە کە تڕەمپ لە گوتارەکانیدا دەیانڵێتەوە.
سەیرێکی ئەم نموونەیە بکە: یەک حەڵقە تەرخان دەکات بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە گوایە ڕەوایە ئەمریکای ژێر ئیدارەی دیموکراتەکان، یان ئەو ئەمریکایەی دیموکراتەکان دروستی دەکەن، وەک «کۆماری مۆز» وەسف بکرێت. دیارە گوێگری سادە ناتوانێت ئەوە ببنێت کە وەسفکردنی ئەمریکا وەک کۆماری مۆز ئیدیعایەکی ئەوەندە ناجیددی و ناماقووڵە کە جگە لە بزەکردنێک لە ئاستیدا ناهێنێت هیچ لایەکی تری لێ بکەیتەوە. گوێگرانی نائەپدەیت دەرفەتیان نییە بزانن کە ئەو وەسفکردنەی ئەمریکا بە کۆماری مۆز قسەی تڕەمپە و، لەو موبالەغانەیە کە بێحیساب لەبەردەم مایکرۆفۆندا هەڵیاندەڕێژێت. وە قسەیەکە کە تڕەمپ خۆی و نزیک بە سەرجەم خەڵک، جگە لە هەوادارە فاناتیکەرەکانی تڕەمپ، دەزانن ئیدیعایەکی تەواو ناماقووڵە، وە ئەو خەڵکە دەزانن تڕەمپ دوایین شت بۆی گرنگ بێت ماقوڵییەتی ئیدیعاکانێتی.
ئەمریکا بەپێچەوانەوەی ئەوتایبەتمەندییانەوە کە کۆمارێک دەکاتە کۆماری مۆز، دەزگای ئیداریی سەربەخۆی بەهێز و، سیستەمێکی دادوەریی تۆکمە و، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و، میدیای چالاکی هەیە کە هەمیشە گوشارێکی گەورەی ئەکاونتابیڵیتیی بەسەر سیاسەتکارانەوە ڕادەگرن. ئابووریی ئەمریکا، بەپێچەوانەی کۆنسێپتی کۆماری مۆزەوە، پشتی بە سەرچاوەی زۆر جیاواز بەستووە، وە ئابورییەکی جێگیرە. هەروەها حوکمڕانیی لە ئەمریکا ئەوەندە میکانیزمی ئاڵۆز و تۆکمەی تیایدا جێگیرە کە، بەپێچەوانەی کۆمارەکانی مۆزەوە، پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان تەواو قورس دەکەن، وە زەمانەتی ئیدارەی دەوڵەتیی لەڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات و ڕادەستکردنی دیموکراتییانە و ناتوندوتیژانەی دەسەڵاتەوە دەکەن.
لە ڕاستییدا ئەسڵەن ئەگەر ڕەفتارێکی حوکمداریی لە ئەمریکادا هەبێت کە ڕەوا بێت بە ڕەفتاری کۆماری مۆز بشوبهێنرێت، ئەوە تەنها ڕفتارە ئۆتۆریتارییەکان و هەوڵە خەتەرناکەکانی دۆوناڵد تڕەمپە بۆ بنکۆڵکردن و لەناوبردنی دیموکراتییەتی ئەمریکیی. بیرمان نەچێت لە سەردەمی مۆدێرنی ئەمریکادا ئەوە تڕەمپ و هاوپەیمانانین کە هەوڵیان داوە ئەنجامە ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیی بگۆڕن تا لەو ڕێگەیەوە حوکم بگرنە دەست. تڕەمپ و هاوپەیمانانی بوون بە هەڕەشە گوشاریان خستە سەر کارمەندانی هەڵبژاردنەکان. تڕەمپ بوو درۆی کرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژارنەکەی چوار ساڵ پێش ئێستا لەپێناو تووڕەکردنی لایەنگرانی خۆیدا و هاندانیان بۆ هێرشکردنە بۆ سەر دەزگای هەڵبژاردن و دەزگاکانی حوکمی دیموکراتیی. درۆیەک کە تا ئێستاش ملیۆنان هاوڵاتیی ئەمریکیی باوەڕیان پێیەتی و پێیانوایە «هەڵبژاردنەکە دزرا». تڕەمپ و یارمەتییدەرانی بوون نوێنەری هەڵبژاردنی چەندین ویلایەتیان تەزویر کرد. هەر ئەوان بوون ڕووخسەتنامەی تەزویریان نارد بۆ کۆنگرێس و، ئینجا تڕەمپ هەوڵی دا بە گوشار جێگرەکەی خۆی، مایک پێنس، بهێنێتە ژێر باری ئەوەی ئەو ساختەکارییەی بۆ ئیمزا بکات، وە لە درێژەدا هانی خەڵکی دا بڕۆنە سەر کۆنگرێس و داگیری بکەن. کۆنسێپتی کۆماری مۆز لەم نموونانە ڕۆشنتریان بۆ نادۆزیتەوە لە ئەمریکای سەردەمدا.
٭ ٭ ٭
شتێکی جێگەی سەرنج هەر لە سیاقی ڕەخنەکردنی «کۆماری مۆز»دا ئەوەیە کە ئەگەر لە کوردستانی سەردەمدا بۆ نموونەی ڕۆشنی کۆنسێپتی کۆماری مۆز بگەڕێیت، ئەوا نموونەیەک نادۆزیتەوە ڕۆشنتر بێت لە نموونەی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە و خاوەنانی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەی کە ئەو ڕەخنانەی لێوە دەکرێت. ئایا ئەمە بۆچی وایە و چی مومکینی دەکات ئەو کەناڵە کردنی ئەو قسانەی قبوڵ بێت و کاک فاروقیش ئەوەی قبوڵ بێت نەتوانێت بڵێت ئەم کەناڵە نموونەی ڕۆشنی ئەو کۆماری مۆزەیە کە باسی دەکەم؟ هیودارم هۆکارەکەی هەر تەنها ئەو هەوڵی خۆسپییکردنەوەیەی حیزب بێت بە ڕۆشنبیران کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوە، وە هیچ هاوڕاییەکی ئایدۆلۆجیی کاک فاروق و حیزب نەبێت لە ڕوانگەدا بۆ جۆری حوکمداریی. ئەمە دەڵێم چونکە بەڕای من هاوڕایی و هاوپۆشیی (Overlapping)ەکی نیگەرانکەر هەیە لەنێوان ڕوانگەی ئۆتۆریتارییانە و دوونییانەی حیزبەکانی کورستان، بەتایبەتیی پدک و ینک، بۆ خەڵکی سادە و ئاسایی کوردستان و، ڕوانگەی نێگەتیڤانەی کاک فاروق بۆ جۆرێک لە دیموکراتییەت و بەشدارکردنەوەی خەڵک لە بڕیاری سیاسییدا کە بە «دیموکراتییەتی حەشامات» ناوی دەبات.
هەر لەم سیاقەدا جێگەی سەرنجە کاک فاروق و مەسرور بارزانیی، یەکەمیان بە هۆی ئیسقاتکردنی ناڕەخنەییانەی ئەو ڕەخنانەی کە لە پرەنسیپی لیبراڵیزمی ئابووریی و سیاسەتی پێشکەوتنخواز لە ڕۆژئاوا هەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا و، دووەمیان بۆ پاکانەکردن و داپۆشینی ئەو کۆلاپسە ئابورییەی کە حوکمداریی خراپی ئەوان و سیاسەتی ئابووریی مۆز بەسەر ئەو هەرێمەیدا هێناوە، نەک هەردووکیان هەمان ڕێتۆریک بەکار دەهێنن بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە گوایە خەڵک لە نەشارەزاییانە ڕەخنەیان لە حکومەت هەیە و نابێت لە دۆزی ئابووریی و بازاڕی کاردا بەرپرسیارێتییەک بدرێت بەسەر حکومەتدا، بەڵکو تەنانەت هەردووکیان هەر هەمان نموونەی موبالەغەپێکراو لەپێناو ئیستیخفاف-پێکردن و بێقیمەتکردنی ڕەخنەی ڕەخنەگراندا بەکار دەهێنن بەوەی کە گوایە گەنجێک یان گەنجانێک وتویانە با حکومەت ژنمان بۆ بهێنێت.
جێگەی ئەسەفە کاک فاروق ئاشنای ئەوە نەبێت کە ڕژێمە نادیموکراتییەکان چەند فێڵی جەهەنەمییانەیان هەیە بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خۆیان و، هۆشیار نەبێت بەوەی کە قسەکردنی ئەو لە بابەتێکی ئەبستراکتی بواری فەلسەفەی سیاسیی لە چەشنی «حکومەتی خاوەن دەسەڵاتی مەحدود» و «ڕانەسپاردنی بەرپرسیارێتی زۆر» پێی، مومکینە حکومەت بیقۆزێتەوە بۆ پڕۆپاگەندەی سیاسیی خۆی، ڕێک لەپێناو پێچەوانەی ئەو پرەنسیپیانەدا، لەپێناو فەرزکردنی «حکومەتی دەسەڵات بەرفراوان» و پاکانەکردنی «حکومداریی نامەسئولانە»ی خۆی.
کاتێک ئاڤا تیڤی لەسەر وێنەیەکی ئەو ئیقتیباسێکی وا دەنووسێت کە گوایە خەڵک هەن «نازانن حکومەت چییە و دژایەتییشی دەکەن»، بێگومان مەبەستی ئەو تەلەفزیۆنە ئەوە نییە بڵێت ڕۆشنبیرانی قاڵبووی ناو دونیای فەلسەفە هەن کە لەناو دونیای تیۆرییە ئەبستراکتەکانی خۆیاندا و دابڕاو لە ئەرزی واقیع دەژین و هۆشیار نین بەوەی کە ئەو قسانەیان لە سیاقی کوردستاندا پرسیار لەسەر شەرعییەتی چی جۆرە ڕەخنەیەکی ڕەوا دادەنێت کە بەرامبەر بە حکومەت هەن، بەڵکو مەبەستێتی بە ڕەخنەگرانی حکومەت بڵێت سەیرکەن ئەم ڕۆشنبیرە کوردە دوای تێفکرینێکی زۆر زۆر گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو ڕەخنانەی ئێوە لە حکومەتی دەکەن تەنها دژایەتییکردنێکی حکومەتە کە تەنها لە نەزانیی و لە نەشارەزاییتانەوە لە کۆنسێپتی حکومەت سەرچاوە دەگرێت. دیارە کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئەو مانایە دەداتە ئەو قسەیە، بەڵکو کێشە گەورەکە ئەوەیە کە نزیک بە هەموو بینەرانی ئەو کەناڵەش بەو جۆرە لەو ئیقتیباسە تێدەگەن.
٭ ٭ ٭
جگە لە هۆشیاربوون بەوەی کە قسەی ئابستراکتی ئێمە لە فیکری سیاسیی نەچێتە گیرفانی حوکمڕانیی ئۆتۆریتاریی و هێزی نادیموکراتییەوە، گرنگە هۆشیار بین بەوەش کە تەنانەت ئیسقاتکردنی جۆری مامەڵەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاواش لەگەڵ کێشە سیاسییەکانی ناو وڵاتی خۆیاندا بەسەر سیاسەتی کوردییدا زۆرجار دەبێتە پاڵپشتیی بۆ زۆر سیاسەتی ئۆتۆریتاریی و تەرەفی دژەدیموکراتیی. بێگومان ئاشنابوون بە سیاسەتی ئەمریکیی گرنگە، بەڵام ئێمەی کورد، بەو مێژووەوەی هەمانە و، بەو کێشمەکێشە سیاسییانەوە کە لە کۆمەڵگای کوردییدا هەن، پێویست دەکات تەواو حەساس بین لەبەرامبەر ئەمریکانیزەکردنی سیاسەتی کوردییدا و لەبەرامبەر هێنانی شەڕی کولتوریی ناو کۆمەڵگا و ناو سیاسەتی ئەمریکیی بۆ ناو کۆمەڵگای کوردیی. ئەمە زۆر بە سادەیی، چونکە ئەو دوو کۆمەڵگایە دوو کۆمەڵگا و دوو سیاسەتی تەواو جیاوازن، وە کێشمەکێشەکان تیایاندا سروشتی جیاوازیان هەیە.
بۆ نموونە سەیری کێشمەکێشی «سیاسەتی ناسنامە» بکە لە سیاقی سیاسەتی ئەمریکییدا و، چاوێک لەوە بکە کاک فاروق لەئاست سیاسەتی ناسنامەدا خۆی تەواو لە سەنگەری ئەو بەرەیەدا دەبینێت کە سیاسەتی ناسنامە بە «ژەهر» دەبینێت بۆ ناو جەستەی دیموکراتییەت.
من ئەزانم سیاسەتی ناسنامە و بزوتنەوەی «وۆوک» لە سیاقی سیاسەتی ئەمریکییدا لەکوێوە جێگەی ڕەخنەیە و، دەزانم پۆینتی ڕەخنەگرانی سیاسەتی ناسنامە لە ئەمریکا چییە ئەگەرچی پێموایە ڕەخنەکەیان ڕواڵەتیی و کورتبینە، وە زۆرجار پۆپۆلیزمێکی ئایدۆلۆجیی-حیزبییە. بەڵام ئەوەی کە لەناو خەڵکی هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی ئەرزدا، کەس نا کوردێک، ئەویش کوردێکی دژ بە چەوسانەوەی نەتەوەیی کورد و لایەنگری ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەی کە ئەو چەوسانەوەیە لە مێژوودا دروستی کردووە، ڕەخنەی لە هاتنی باسی سیاسەتی ناسنامە بۆ کوردستان هەبێت، تەواو جێگەی تێنەگەیشتنە بۆم. ئاخر داخوازیی ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەی کە چەوسانەوەی کورد لە سیاسەتی ناوچەکەدا دروستی کردووە، بۆ نموونە، لە فۆرمی ڕێگەدان بەوەی کورد مافی هەبێت ڕیفراندۆم بکات و ئەگەر زۆرینە لایەنگری جیابوونەوە بوو، کوردەکان بتوانن جیا ببنەوە، ئەو داخوازییە سەرتاپای سیاسەتی ناسنامەیە.
دۆزی کورد سیاسەتی ناسنامەیە بە ئیمتیاز، وە هەر کەسێک، بۆ نموونە لە عێراقدا، بیەوێت دۆزی کورد مامەڵەیەکی ناسنامەییانەی لەگەڵدا نەکرێت و لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر بنەمای مافە گەردونییەکانی هاوڵاتییبوون چارەسەر بکرێت، ئەو کەسە «عێراقچیی»ەکە کە لە باشترین حاڵەتدا، ئایدیاڵیستێکی خەونبینە کە تەنانەت کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالیش لە خەوی هەڵنەستاندووە و ئێستاش پێیوایە عێراق مومکینە بەم زووە ببێتە دەوڵەتی یاسا و خاوەن نەتەوەیەکی یەکانگیر وخاڵیی لە تەفرەقە. وە لە خراپترین حاڵەتدا، ئەوە قسەی عەلی حەسەن مەجید و دەوڵەت باخچەلی و بەشار ئەسەدە دەیڵێنەوە کە لە سیاقی دۆزی کورددا دەڵێن: کورد نابێت خەریکی سیاسەتی ناسنامە بێت و سیاسەتی ناسنامە ژەهرە بۆ جەستەی «نەتەوە»کەمان.
نەتەوایەتیی کورد خۆی، بە هۆکاری تەواو جێگەی تێگەیشتنەوە، هۆشدارانە مامەڵەیەکی ناسنامەییانە لەگەڵ دۆزی خۆیدا دەکات. ئەوەی کە کاتێک کوردێکی دیاربەکر و کوردێکی کرماشان بەڕێککەوت بۆ یەکەمجار لە قاوەخانەیەکدا یەکتر دەبینن یەکسەر هەست بە نزیکایەتییەک و ئینتیمایەکی هاوبەش و دۆزێکی سیاسیی هاوبەش دەکەن، مانای ڕێککەوتنیانە لەسەر جەدوا و لەسەر گرتنەبەری «سیاسەتی ناسنامە».
لە سەرەوە باسی ئەوەم کرد کە ئەوانەی بەبێ ڕێفلێکتکردنێکی ڕاستەقینە، دروشمەکانی بەرەیەکی سیاسیی ناو سیاقێکی سیاسیی جیاواز دەگوێزنەوە، زۆرجار دژەبەریی دەکەوێتە ناو ئیستیدلال و ئارگیومێنتکردنیانەوە بەبێئەوەی خۆیان بیبینن. ئەوەی کە کاک فاروق لەلایەکەوە ڕەخنەی لەوە هەیە خەڵک و وڵاتانێکی تر هەبن دژ بەوە بن کورد وەک گروپێکی ناسنامەیی سیاسەت بکەن و، دژ بەوە بن کورد لەڕێگەی سەرپێخستنی ڕیفراندۆمێکەوە داوایەک پێش چاو بخەن کە تەنها گروپێکی ناسنامەیی بگرێتەوە نەک هەموو «هاونیشتیمانیی»ان، وە لەلایەکی ترەوە بە ڕەهایی دژایەتیی خۆی بۆ «سیاسەتی ناسنامە» پیشان دەدات، ڕێک نموونەیەکی ڕۆشنی ئەو دژەبەرییەیە لە قسەکردندا.
دیارە کاک فاروق تەنیا کەس نییە ڕەخنە لە «وۆوک» و سیاسەتی ناسنامە لەگەڵ پاڵپشتیی بۆ دۆزی ناسنامەی کورد کۆدەکاتەوە. لە فەیسبووک بەرچاوم کەوتووە چەند هاوڕێیەکی تریش ئاوا ڕووکەش لە وۆوک تێگەیشتوون و تەنانەت وەک خۆرە بۆ دۆزی کورد چاوی لێدەکەن.
پۆینتی من لێرەدا ئەوەیە کە: یەکەم، لایەنگرانی خەبات بۆ مافی ناسنامە جیاوازەکان لە ئەمریکا هەروا بێ چەندوچوون لەسەر ناحەق نین و، سیاسەتی ناسنامە لە سیاقی ئەمریکادا تۆزێک لەوە ئاڵۆزترە کە ڕاستڕەو و کۆنسەرڤاتیڤەکان پیشانی دەدەن. وە دووهەم، ئەمریکانیزەکردنی سیاسەتی کوردیی و دابڕینی ڕاستەوخۆی خسومەتەکانی ناو شەڕی کولتوریی لە ئەمریکا بەسەر کۆمەڵگا و سیاسەتی کوردییدا، هەڵەیە و زۆرجار زیانی گەورە دەدات.
(ماویەتی)
٭ ٭ ٭

لێدوانێک بەجێ بهێلە